بەرێوەبەری کەشناسی سلێمانی هۆشداری بە هاوڵاتیاندەدات، ئەمڕۆ و رۆژانی داهاتوو لە کاتەکانی نیوەڕۆ پلەکانی گەرما زۆر بەردەبێتەوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان دەبێت، هەربۆیە تاوەکو دەتوانن لەو کاتانەدا نەچنە دەرەوە.
ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" لە کاتژمێر ١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ بۆ ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆ پلەکانی گەرما زۆر بەرزدەبێتەوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان دەبێت، هەربۆیە تاوەکو دەتوانن لەو کاتانەدا نەچنە دەرەوە".
ئاشکراشیکرد، پلەکانی گەرما لە دوو رۆژی رابردوودا لە هەرێم و سلێمانی رووی لە زیادبوون کردووە، کە ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکوونەوەی پرۆسەی وەرگەڕانی هاوین و بەشێوەیەکی فەرمی نیوەگۆری باکور دەچێتە وەرزی هاوینەوە.
لەبارەی پێشبینی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ئەمساڵی هاوین ئەوەشی خستەڕوو، پێشبینییەکانیان بۆ مەودا کورتە زیاتر و بە گشتی پێشبینی مەودا درێژەکان وەک خۆیان روونادەن.
ئاماژەی بەوەشکرد" ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی چەند ڕۆژێكە ناوچەكەی گرتووەتەوە ئەمشەو کاریگەرییەكەی لاوازدەبێت و بۆ سبەینێ بەرە و نەمان دەچێت".