ئەمنستی: پاراستن و هەواڵگری پارتی هەڕەمەکی خەڵک دەستەبەسەر دەکەن


رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشیوناڵ لە راپۆرتێکی درێژیدا لەسەر دۆخی ئازادی و مافی مرۆڤ دەڵێت" ئاسایش و ھەواڵگریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان(ھێزەکانی پاراستن ، ئاژانسی ھەواڵگریی پارتی دیموکراتیی کوردستان) بەشێوەی ھەرەمەکی خەڵکیان دەستبەسەر کردووە، تیایدا شەش کەس شوێنبزر کراون. دەشڵێت، "کۆتایی بە سەرکوتکردن لە دژی خۆپیشاندانەکان بهێنن".

لە بارەی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە رێگەی دەستگیرکردنی ھەرەمەکی و گێچەڵپێکردن دەستبەسەرکراون، هەربۆیە پێویستەدەستبەجێ ئەو دەستبەسەرکراوانە ئازاد بکەن.

 لە بارەی دەستگیرکردن و بڕیاردان بە سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئەوانەی کە پێشتر حوکمدراون لە دادگایی نادادپەروەرانە- بەھۆی بەشداریکردنییان لە خۆپیشاندانەکان یاخود کرداری پرۆفێشناڵانە یان چالاکی پەیوەست بە خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، بەگوێرەی ئەو پارێزەر و کارمەندانەی مافەکانی مرۆڤ کە لەلایەن رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە لەنێوان مانگەکانی ئازاری ٢٠٢٠ و نیسانی ٢٠٢١، ھێزە ئەمنییە کوردییەکان تەنھا لە پارێزگای دھۆک زیاتر لە ١٠٠ کەسیان دەستگریکردووە، بەتایبەتی لە ناوچەی بادینان و باکووری خۆرئاوای پارێزگاکە.

دەشڵێت، لەنێوان مانگەکانی شوبات و ئایاری ٢٠٢١، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی کەیسی١٤ کەسی لە بادینان تۆمارکرد کە سێ ڕۆژنامەوان و ١١ چالاکوانی سیاسیی و کۆمەڵگای مەدەنیی بوون، ھەموویان لەنێوان مانگەکانی ئاب و تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ دەستگیرکرابوون- وە بۆی دەرکەوت، کە لە ھەموو کەیسەکاندا ئاسایش و ھەواڵگریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان(ھێزەکانی پاراستن، ئاژانسی ھەواڵگریی پارتی دموکراتیی کوردستان)بەشێوەیەکی ھەرەمەکی خەڵکیان دەستبەسەر کردووە، کە شەشیان شوێنبزر کراون.

پێشێلکارییەکانی مافی یاسایی

لە ھەموو ئەو ٢١ کەیسەی کە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی تۆماریکردووە بەمەبەستی ئامادەکردنی ئەم بەیاننامەیە، ھێزەکانی

ئاسایش ئەو کەسانەیان لە ماڵەوە یاخود لە شوێنی کاریان دەستگیرکردووە بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن یان ھەر پەیوەندییەکی فەرمی کە ھۆکاری دەستگریکردنەکە روون بکاتەوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەو کەسانەی کە بە دەستبەسەرکراوی مانەوە تەنیا رێگایان پێدرا لە ماوەی سێ رۆژ بۆ هەفتەیەک بەشێوەیەکی پچڕپچڕ پەیوەندیی بە خانەوادەکانیانەوە بکەن.

باسی لەوەشکردووە، کە ھەرشەش کەسەکە لە ژووری قەرەباڵغدا ھێڵراونەتەوە و خۆراکی کەمیان پێدراوە.

دەشڵێت،  یەکێک لە حاڵەتەکان، ھێزەکانی ئاسایش کەسێکیان بەتەواوی رووتکردەوەتەوە و وای لێکرا بەدرێژایی لێکۆڵینەوەکە بە رووتی بمێنێتەوە. 

پێشێلکارییەکانی بنچینە سەرەکییەکانی دادگایی دادپەروەرانە

لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢١، دادگای تاوانی دووەمی ھەولێر پێنج لە رۆژنامەوان و چالاکوانانی(شێروان شێروانیی و گوھدار زێباریی و ھەریوان عیسا و ئەیاز کەرەم و شڤان سەعید)ی بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدا.

دادگا بڕیارەکەی لەسەر بنەمای ئەنجامدانی کردەوەی وا کە واسەیرکراون زیانگەیەنەربن بە ئاسایش و سەروەری ھەرێمی کوردستانی عێراق دەرکردووە.

لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، دادگاییەکەیان بە پێشێلکاریی گەورەشێوێندرا. تیایدا نیگەرانییەکان لەبارەی ئەو بڕیارانەی  کە لەسەر بچینەی ئەو وتانەیان درابوون کە لەژێر ئەشکەنجە لێیان وەرگیرابوون.

هاوکات، پێشکەش نەکردنی پەڕاوی کەیسەکە لەکاتی گونجاودا بۆ ئەوەی پارێزەرەکان بەرگریی خۆیان ئامادە بکەن و خانەوادەکانیان رێگەیان پێنەدرا کە لە دانیشتنەکان ئامادە بن.

بەگوێرەی پارێزەران و نێردەی ھاریکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (UNAMI)کە ئامادەی دادگاییەکان بوون، ھەرپێنج تۆمەتبارەکە لە دادگا گوتیان کە ئاسایش "دانپێدانانەکان"ی ئەوانی لەژێر ئەشکەجنەدا دەستخستوون.

دەشڵێت، ھیچ پارێزەرێکی کەیسەکان پێش دادگاییەکە فایلی کەیسەکانیان لەکاتی پێویست پێنەدرا تاوەکو بەرگرییەکی رێکوپێک ئامادە بکەن. لە راستیدا، لە ھەر پێنج کەیسەکە، پارێزەران چەند دەقیقەیەک پێش دادگایی بریکاری فایلەکانی ئەوانیان پێدراوە.

لە بارەی پشت بەستنی دادگا بە شایەتیدانی دوو شایەتحاڵ، راپۆرتێکی ئەمنستی ئاماژەی بەوەداوە، دادگاکە پشتی بە دوو شایەتی سەرەکی بەست، کە یەکێکیان ھەواڵپێدەرێکی نھێنی بووە. شایەحتاڵە نەناسراوەکە لە دادگا دەرنەکەوت، سەرەڕای داواکاریی پارێزەر و فەرمانی دادوەر. سەرەڕای ئەوەش، پارێزەری شێروان شێروانیی تەنھا یەک رۆژ پێش دادگاییەکە فایلەکانی کەیسەکەی پێدرا، کە کاتی گونجاوی بۆ نەمایەوە تاکو بەشێوەیەکی رێکوپێک بەرگرییەک ئامادە بکات.

ترس و ترساندن

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەو باوەڕەدایە کە دەستگیرکردنی ھەڕەمەکی و دەستبەسەرکردن و شوێنبزرکردنی بەزۆرەملێ و دادگایکردن و هەڕەشەی دانپێدانان بە ترساندن و هەڕەشە لە چالاکوانان وەرگیراوە.

لەو بارەیەوە لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە عێراق، بەتایبەتی لە دھۆک، رێکخراوەکە چوار حاڵەتی ترساندنی ئەو کەسانەی تۆمارکردووە کە راستەوخۆ پەیوەندیدارن بە قوربانیەکانی دواین سەرکوتکارییەکانی دژی ئازادی رادەربرین لە دھۆک، لە رێگەی ھەڕەشەی زارەکیی لە دژی ئەندامانی خانەوادە یان ئەو پارێزەرانەی کە کار لە کەیسەکە دەکەن دانپێدانانیان لێ وەرگیراوە.

چوارچێوەی یاسایی کارپێکراو

 راپۆرتەکەی ئەمنستی ئاماژەی بەوەداوە، کە ھەموو ئەو کەسانەی کە تۆمەتی ناسراویان ئاراستە کراوە تۆمەتبار کراون بەپێی یەکێک لەو سێ یاسایەی کە زمانی ناڕوون و فراوان لەخۆ دەگرن و رێگەدەدەن بە دادگاییکردن لەسەر کردارگەلێک کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی وەک تاوانی ناسراو سەیر ناکرێن.

دەشڵێت، زمانێک تا ئەو راددەیە لێڵە کە رێگە دەدا بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە دژی ئەو کەسانەی کە بە شێوەی ئاشتیانە رەخنە لە کارمەندانی حکومەت و دەزگاکان دەگرن. ماددەی ژمارە (٢) لە یاسای ھەرێمی کوردستان بۆ قەدەغەکردنی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن-یاسایەکی کێشەداری تر- ئەویش بەشێوەیەکی گشتگیرتر بەکارھێنرا بۆ تۆمەتبارکردنی کەسانێک لەبەرامبەر "خراپ بەکارھێنانی" ئامێری مۆبایل و ئیمەیڵ و ئینتەرنێت، لەژێر تۆمەتی ناڕوون و فراوان کە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی وەکو تاوان نەناسێنراون.

کۆتایی و راسپاردەکان

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی زۆر نموونەی بە ئامانجگرتن و گێچەڵ پێکردن و ھەڕەشە لێکردن و ترساندنی کەسەکانی تۆمارکردووە تەنھا لەبەرئەوەی بە مافی رەوای خۆیان ھەڵساون بە رەخنەگرتن لە دەسەڵات، تیایدا لە رێگەی جێبەجێکردنی وردی یاسا خراپ پێناسەکراوەکان بۆ لکاندنی بەھانەی بێ بنەما، تۆمەتی لێڵ و فراوان بە کەسەکان و بێبەشکردنیان لە مافەکانی دادگایی دادپەروەرانە و دەستەبەری یاسایی.

لە کۆتایی راسپاردەکان رێکخراوەکە داوادەکات، دەستبەجێ ئەو کەسانە ئازاد بکەن کە لە دەستبەسەرکردنی ھەرەمەکیی دا ماونەتەوە و ئەوانەی کە تاوانبار دەرچوون لە دادگاییە نادادپەروەرەکان، مەگەر بەشێوەیەکی راستگۆیانە بە تاوانێک تۆمەتبار بکرێن کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی بناسرێ.

لە بارەی پەنا بردن بۆ دادگای نێودەوڵەتی رێکخراوی ئەمنستی لە راپۆرتەکەیدا داوادەکات، ھەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی ھەموو ئەو کەسانە بھێننە بەردەم دادگا کە گومانلێکراون بە ھەبوونی بەرپرسیاریەتیی تاوانکاریی لە دەستبەسەرکردنە ھەڕەمەکییەکان و شوێنبزرکردنە زۆرەملێیەکان و ئەشکەنجەدان و تاوانەکانی دیکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی یان پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە دادگایی دادپەروەرانە لە دادگای مەدەنیی ئاسایی بەبێ پەنابردنە بەر سزای مەرگ.



PM:10:18:23/06/2021