تەندروستى هەڵەبجە لەسەر بەرزبوونەوەى ئامارەکانى کۆرۆنا هۆشداری دەدات

تەندروستی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت" نزیکەی دوو ھەفتەیە ئامارەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکە ڕووی لە هەڵکشان کردووە". 

بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى پارێزگای هەڵەبجە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" کە نزیکەی دوو ھەفتەیە ئامارەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا  لە پارێزگای ھەڵەبجە زیادی کردووە و ژمارەی نەخۆش و ئەو کەسانەی کە نەخۆشیەکەیان بە توندی گرتوە لەزیادبووندایە، ئەمەش بە ھۆی پابەند نەبوونی ھاوڵاتیان بە ڕێنماییە تەندروستیەکان و کەمبوونەوەی پابەندبوونی ھاوڵاتیان بۆ ئاستێکی زۆر کەم". 

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا تەندروستى هەڵەبجە داواشی لە ھاوڵاتیان کردووە بۆ ئەوەی تووشی حاڵەتی ناخۆش نەبن و مەرگی ئازیزانیان بە چاوی خۆیان نەبینن، با پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان بن. 

بەپێی ئامارەکانى تەندروستى پارێزگای هەڵەبجە، لە ئێستادا ١٣ نەخۆش لە نەخۆشخانەی وەفا لە ژێر چاودێری تەندروستین و زۆرینەیان پێویستیان بە ئۆکسجین ھەیەو ٣ نەخۆشیان لە چاودێریی چڕن و ١٠ نەخۆشی دیکە لە قاوشەکانی کۆرۆنان.


PM:03:01:08/07/2021