وەزیری تەندروستی هەرێم ئاشکرای دەکات، بۆیەکەمجارە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی کیت و پێداویستی تایبەت بە دەستنیشانکردنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای ناسراو بە (زنجیرەی دێڵتا) لە هەرێمی کوردستان دابینکرا.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" پڕۆسەی پێدانی ڤاکسین پێشووەچوونی بەخۆوە بینیوە، زیاتر لە 399 هەزار ژەمە ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن دانیشتووانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، لەوانە زیاتر لە 255 هەزار هاوڵاتی کە دەکاتە ڕێژەی لەسەدا (7.8%)ی ئامانج ژەمی یەکەم و زیاتر لە 144 هەزار هاوڵاتی کە دەکاتە ڕژەی لەسەدا (4.4%) ی ئامانج ژەمی دووەمی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنای وەرگرتووە".
ڕاشیگەیاندووە" بۆ یەکەمجارە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی کیت و پێداویستی تایبەت بە دەستنیشانکردنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنای ناسراو بە (زنجیرەی دێڵتا) لە هەرێمی کوردستان دابینکرا".
سامان بەرزنجی لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوەشکردووە، پێشبینی هەڵکشانی سێیەم و ئەگەر و گومانی بڵاوبوونەوەی جۆر و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت، بەداخەوە جارێکی دیکە ژمارە و رێژەی تووشبووان و نووستن لە نەخۆشخانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادبووە و دووهێندی هەفتەکانی پێشووە.
لە کۆتای بڵاوکراوەکەدا وەزیری تەندروستی هەرێم دەڵێت" تکایە بەهەندی وەربگرن و رێکاری خۆپارێزی بگرنە بەر بە لەبەرکردنی ماسک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و قەرەباڵغی، ئاگاداری خۆتان و خانەوادە و منداڵەکانتان بن با هەموومان هاوکار و پاڵپشت بین و رێگەبگرین لە هەڵکشانی توندی نەخۆشیەکە و کوردستانمان بپارێزین، هەروەها شوێنە گشتیەکان پێویستە پابەندی مەرجە تەندروستییەکان بن و وەزارەتی تەندروستی ئامادەکاری زیاتری رووبەرووبوونەوەی هەر هەڵکشانێکی نوێ دەکات".