لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵی لەبارەی قوربانیکردن و بڵاوبونەوەی تای خوێن بەربوون چەند رێنماییەکی گرنگی بۆ بەرچاو روونی هاووڵاتیان بڵاوکردەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەبەر هەبوونی نەخۆشی تای خوێن بەربوون لە عێراق، هەرچەندە تا ئێستا لە کوردستان ئەم حاڵەتە بەدی نەکراوە، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە و سەلامەتی ئێوە بەهۆی ئەوەی کە ئەم جۆرە نەخۆشیەکە ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەپێویستی دەزانێت کە ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە بۆ بەرچاو روونی زیاتری بەڕێزتان بلاو بکاتەوە:-
یەکەم/ئەو ئاژەڵەی سەردەبڕدرێت دەبێت تەندروست بێت و قڕنەوگەنەی لەسەر نەبێت.
دووەم/ئاژەڵی قوربانی لە کوشتارگە سەردەبڕدرێت ،تاکو پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینی بۆ بکرێت و دڵنیابین لە تەندروستی گۆشتەکە.
سێیەم/گۆشتی قوربانی لە ناو کیسی شەفاف دابەش بکرێت و دەبێت کیسەکە خاوێن و نوێ بێت.
چوارەم/سەربڕینی ئاژەڵ لە ناو ماڵ و کۆڵان هۆکارێکە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکان و پیس بوونی ژینگە ،هەروەک دیاردەیەکی ناشارستانیە، بەتایبەتی لە ئێستادا کە چەند حاڵەتێکی نەخۆشی خوێن بەربوون (الحمی النزفیة)لە عێراقدا تۆمار کراوە.
پێنجەم/لەکاتی وەرگرتنی گۆشتی قوربانی ڕاستەوخۆ بەکاری مەهێنه و بیست چوار کاتژمێر لە ساردکەرەوەی بهێڵەوە.
شەشەم/لەکاتی دەستکاری کردنی گۆشت و لاشەی ئاژەڵ دەستکێش بەکار بهێنە.
حەوتەم/ئەگەر گومانت لە گۆشتی ئاژەڵی قوربانی هەبوو پەیوەندی بە لێژنەکانەوە بکە.