ئەو پەڕە گڵینە قوڕەی کە زیاتر لە (٣٥٠٠) ساڵ لەمەوبەر ئەفسانەی گلگامش-ی لەسەر نوسرابۆوە دزراوە

ئەو پەڕە گڵینە/ قوڕەی کە زیاتر لە ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئەفسانەی گلگامش-ی لەسەر نوسرابۆوە و لە یەکەم مەکتەبە/کتێبخانەی سەر ئەم زەویەدا لە میسۆپۆتامیا، لە ووڵاتی ئێمەدا دانرابوو، دزراوە.

ئەو پەڕە (تابلیتە) نوسراوەیە وەک پارچەیەک لە پاشماوەی شوێنەواری شارستانیەتی میسۆپۆتامیا یەکجار بە نرخە. ئەوکات کتێب نەبووە، کە خوێندەواری لە میسۆپۆتامیا بۆ یەکەم جار لەسەر ئەم زەویەدا هاتە کایەوە و ئەو داهێنانە کرا، پارچەی قوڕ بەکاردەهێنرا وەکو ئێستای پەڕەی کاغەز بۆ نوسین و پاش لەسەر نوسینیان وەکو خشت لە کورەدا دەبرژێنران بۆ ئەوەی خۆگر بێت. دواتر لە یەکەم کتێبخانەدا هەڵدەگیران کە بۆیەکەم جار 'شا ئاشوربانیپاڵ' ئەو داهێنانەی دروستکردنی کتێبخانەی کردوە، هەر لە میسۆپۆتامیا.

ئێمە خاوەنی شارستانیەتی میسۆپۆتامیان کە داهێنانی زۆری کردوە بۆ یەکەم جار لەسەر ئەم زەویەدا، لەوانە: دروستکردنی شار، داهێنانی خوێندەواری، داهێنانی نوسین، داهێنانی کتێبخانە. هتد.

ئەو پەڕە خشتە گرانبەهایەی گلگامش(شیعرە سۆمەرییە دێرینەکەی میسۆپۆتامیا) یەکەم جار دزراوە / براوە یان با بڵێین گواستراوەتەوە بۆ ئەمەریکا. لەوێش دەستاودەستی زۆری کردوە بۆ پارە پەیداکردن، هەندێک جار بێ پارە براوە؛ دزراوەتەوە دیسان.

ئاخیر جار لە  ٢٠١٤ دا ، لە هەڕاج خانەیەکی تایبەت بە ئەوەی دێرینە و مێژووییە لە ئەمەریکا  بە مەبلەغی  $1.67m (£1.2m) کڕراوە لە لایەن کۆمپانیای 'هۆبی لۆبی'یەوە. ئەو کۆمپانیایە کاری کۆکردنەوەی پارچە دێرینو شوێنەوارەکانی بۆ موزەخانەیەک کردوە لە واشنتن دی سی.

ئێستا حکومەتی ئەمەریکی دەستی بەسەرداگرتووە و کردویەتی بە موڵکی خۆی، لەسەر ئەو بنەمایەی کە لە ئەسڵدا بە قاچاغ هێنراوەتە ناو ئەمەریکا؛ واتە دزراوە.

دەڵێن ئەوە موڵکی میسۆپۆتامیایە، دەبێت بگەڕێنرێتەوە بۆ ناوچەی خۆی، کۆمپانیای 'هۆبی لۆبی' کە سەروو ملیۆنێک پارەی پێداوە رازیە بە تەسلیمکردنی بە حکومەتی ئەمەریکا.

من خەممە کە دەیگەڕێننەوە بۆ عێراق بفەوتێت! لەهەمانکاتدا مایەی خۆشحاڵیمە کە وڵاتان ئیتر شوێنەوارە دزراوەکانمان دەدەنەوە.

د. ساماڵ مانیی


AM:10:39:29/07/2021