لاهور شێخ جەنگی بڕیاری داوە بێدەنگی بشکێنێت

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە تائێستا لە ڕۆژی ٨ی تەمووزە ناکۆکییەکانی نێوان ئەو و بافڵ تاڵەبانی تەقیوەتەوە تەنها یەک جار پەیامێکی کورتی بڵاوکردەوە، بەڵام بڕیاری داوە ئەم بێدەنگییە بشکێنێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لاهور شێخ جەنگی لەسەر ناکۆکییەکانی خۆی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی پەیامێک بڵاوبکاتەوە.

تائێستا نەزانراوە ناوەڕۆکی پەیامەکەی هاوسەرۆکی یەکێتی چییە، ئایا بۆ هێمن کردنەوەی دۆخەکەیە، یاخود بۆ ڕوونکردنەوە و پیشاندانی هەڵوێستی خۆیەتی.

 لە ٨ی تەموزەوە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی تەقیەوە، هەرچی بافڵ تاڵەبانییە، لاهور جەنگی بە دەرمانخواردنکردنی تۆمەتبار دەکات و، براکانیشی بە زەوی داگیرکردن و قاچاخچێتتی و سەرانە سەندن لە دەوڵەمەندەکانی سنوری سلێمانی، هەرچی لاهور جەنگییە وەک رایگەیاندووە تەقینەوەی رووداوەکان و کەنارخستنی بە پیلانێکی ئاڵای شۆرش و پارتی و تورکیا ناوزەد دەکات و، لایەنگرانیشی رووتکردنەوەی لاهور جەنگی لە دەسەڵاتەکانی بە کودەتا ناوزەد دەکەن.


PM:04:42:02/08/2021