کتێبی (Women Warrior) دەنوسرێت و کورد تیایدا بەشدارە


  کتێبی 'ژنە پاڵەوانەکان' ، مێژووی ئەو دەستە ژنە دەنوسێتەوە لە جیهاندا کە دەگمەن بوون و پاڵەوانی ژن و گەلەکەیان بوون لە مێژووی دوور و نزیکدا، چەشنی پاڵەوانە ئەفسانەییە یۆنانیە دێرینەکان لە مێژووی هەرە دێریندا جەنگیوون. ئەو کتێبە بە زمانی ئینگلیزی لە بەریتانیا دەنوسرێت و بڵاودەکرێتەوە لە لایەن خاتوو' ڤیکتۆریا  پریستن'  کە بەتەمەنترین  ژنە جەنگاوەری ناو سوپای بەریتانیایە.

د.ساماڵ مانیی بەشدارە وەکو ژنی کورد لە کتێبی 'ژنە پاڵەوانەکان'دا.

 د. ساماڵ  مانیی دەڵێت: گەرچی هەموو کاتەکانم تەرخان کردوە بۆ فەلسەفە بە زمانی کوردی، بەڵام لەوە بە ئاگام کە ئەو بەشە لە مێژووی ژیانم بە تەنها موڵکی من نیە، بەڵکوو بەشێکی گرنگە لە مێژووی ژن بەگشتی و مێژووی کورد بەگشتی و مێژووی ژنی کورد بە تایبەتی؛ چ بەجیا و چ پێکەوە.

 بەشداریم لەو کتێبە مێژوویە گرنگەدا پەسەند کردوە و میوانداری تایبەت و دیدارم لەگەڵ کرا و نوسراوەتەوە لە لایەن بەتەمەنترین ژنە جەنگاوەری سوپای بەریتانیا کە نوسەری کتێبەکەیە. ئەوەی کە گرنگە بیڵێم ئەوەیە ئەو یەکدوو پەڕانەی پێشتر لە بیرەوەریەکانمدا لە لایەن میدیای کوردی بڵاوکراونەتەوە وەکو: وێستگا،  ئاوێنە ، زەمەن، سپی میدیا، زۆریتر لە میدیا کوردیە ئازیزەکان، بەشێکی گرنگ و زۆرینەن لە بەشداریم لەو کتێبەدا وتیایدا بڵاودەکرێنەوە.

بەڵام نامەوێت تێڕوانینی خاتوو ڤیکتۆریا پریستن نوسەری کتێبەکە  لە بری خۆی باسبکەم، بەڵکوو ئەوە دەسپێرم بە میدیای کوردی دیداری لەگەڵ بکات سەبارەت بەو پرۆژە نوسینەی کە کورد تیا بەشدارە. هەروەهاش میدیای کوردی دەتوانێت وتە لە بەڕێز کاکە کاروان جەمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا وەربگرێت کە ڕێکخەری گەیاندنی وێنای ژنی کوردە لەو کتێبە مێژوویە گرنگەدا. 



PM:02:52:27/08/2021