پارتی پلانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئاشكرا کرد

سەركردەیەكی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" لە چەند ڕۆژی داهاتوو بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکەین و خەریكی پلانی بەرفراوانین بۆ ئەوەی بانگەشە زیاتر گەرم بكەین". 

ئەحمەد كانی بەرپرسی لقی ٢ی پارتی دیموكراتی كوردستان بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند" لە دوای تیرۆپشكی ناوی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، پارتی لە ڕێگەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە كاندیدەكانی ناساند و دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن كرد".

ئاماژەی بەوەشکردووە" چالاكییەكان بەشێوەیەكی ئاسایی بەپێی پلانی داڕێژراو بەڕێوەدەچن". 

ئاشكراشیكرد، هەڵبژاردنی ئەم جارە بەهۆی گۆڕانكاری و جێبەجێكردنی سیستەمی بازنەیییەوە، گۆڕانكاری بەسەر شێوازی بانگەشەدا هاتووە، چونكە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو كاندید ئازاد بووە لە كوێ بانگەشە بكات، بەڵام ئێستا هەر كاندیدێك تەنیا لە بازنەی خۆی دەتوانێت بانگەشە بكات، ئەمە كاریگەریی كردووەتەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی بانگەشە.

بڕیارە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و لە ئێستاشدا بانگەشە دەستیپێكردووە. 


PM:08:56:04/09/2021