چارەسەر و پێشنیازى نوێ بۆ سزاى نەبەستنى پێوەرى ئاوی ماڵان راگەیەندرا

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" سەدان ھەزار خێزانی ھەژار سزای ٥٠٠ ھەزار دینار بۆ سەرەوەیان بۆ ھاتوەتەوە بەھۆی نەبەستنی پێوەری ئاو". 

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆران لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کردووە دەڵێت" سەدان ھەزار خێزانی ھەژار سزای (٥٠٠ ھەزار دینار) بۆ سەرەوەیان بۆ ھاتوەتەوە بەھۆی نەبەستنی پێوەری ئاو، ڕەنگە بڵێن: ئەم سزا ئاساییە و بۆ خەڵک پێوەر نابەستێت". 

ڕاشیگەیاندووە" لە پشت ئەمەوە چەند ھۆکار و گرفتێک ھەن لە بری سزادانی خەڵک پێویستیان بە چارەسەرە، جگە لەوەی ئەم سزا، نایاسایە و پشتی بە ھیچ یاسایەک نەبەستوە، چەندین گرفتی گەورەش ھەیە".

باسی لەوەشکردووە، نابێ ئەگەر کۆمپانیاکە ئیلتزامی نەکردبێت بە گرێبەستەکەو و پێوەری زۆر خراپی ھێنابێت و ھەواش بخوێنێتەوەو بە گەرماو سەرما تێکبچێت، ھەر خەڵک ناچاربکرێت پێوەرێکی خراپ دابنێ، دەکرێت ١٥ کۆمپانیا لە ژێر چاودێریدا نەبن و پێوەری ئاو بھێنن و بیفرۆشن، ئەمە جگە لە تێکچونی زۆری میکانیکی لە فەڕاڕەو عەدادو قەباغەکەیدا، ھەڵمگرتنی شوشەی سەرقەباخ و خوێندنەوەی ژمێرەی پێوەرەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، خوێندنەوەی ناڕاست و ھاتنەوەی پارەی زۆر گرفتێکی گەورەیە، کاتێک ھاوڵاتی دەبینێ کەسێک ملیۆنێک دیناری بۆ ھاتوەتەوە بەھۆی خراپی پێوەرەوە، ئیدی دەترسێت لە بەستنی پێوەر. 

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان پێشنیاری ئەوەشدەکات" لیژنەیەکی پسپۆڕ دابندرێت و لە سەرجەم شارەکان پشکنین بکات، ئەگەر پێوەرەکە ئەو گرفتانەی تێدابوو دەبێت کۆمپانیا سزا بدرێت نەک ھاوڵاتی، پاش چارەسەرکردنی گرفتی پێوەرو ھەبوونی دڵنیایی شەش مانگ دابندرێ بۆ ھاوڵاتیان بۆ بەستنی پێوەر! دوای ئەو ماوە سزا جێگیر بکرێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، بڕیار و یاسا دەبێت دادپەروەرانە بەسەر ھەمواندا جێگیر بکرێت، من لە بەڕێزتان دەپرسم ئەمە ڕەوایە، لە گەڕەکێکی میللی ھەولێر یان چەمچەماڵ بە ١٥ ڕۆژ جارێک ئاو ھاتوتەوەتەوە پارەی کارەبا دەدەن و دەبێ پێوەر ببەستن و نەشی بەستن ٥٠٠ ھەزار دینار سزا دەدرێت، پرۆژەی نیشتەجێبونی وەبەرھێنانیش ئاوی بەردەوامی ھەیەو پارەی ئاویش ناداتە حکومەت و پێوری نیەو سزاش نادرێت، ئەمە ڕەوایە. 

دەشڵێت" دەبێت پێوەرێکی ئاوی گونجاو بۆ ھەموویان بێت، ھیواموایە ئەم گرفتە بۆ سەدان ھەزار ھاوڵاتی کەمدەرامەت چارەسەر بکەن بەڕێگای گونجاو". 


PM:08:23:14/09/2021