دادگای سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی دەربارەی دۆسیەی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتى بڵاوکردەوە

ئەمشەو سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی دەربارەی دۆسیەی  میران محەمەد ئەندامى مەکتەبی سیاسی یەکێتى بڵاوکردەوە و دەڵێت" دۆسیەکە گە‌ڕێندراوە‌تە‌وە‌ بۆ دادگای دە‌ستپاكی بۆتە‌واوكردنی رێكارە‌ یاساییە‌كان". 

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی شاری سلێمانی لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" تۆمەتەكان رەتنەكراونە‌تە‌ و دۆسییە‌كە‌ بە‌ ھیچ شێوە‌یە‌ك دانە‌خراوە، بەڵکو گە‌ڕێندراوە‌تە‌وە‌ بۆ دادگای دە‌ستپاكی بۆتە‌واو كردنی رێكارە‌ یاساییە‌كان".
 
دەقى رونکردنەوەکە:  

روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی ..  

لە چەند كە‌ناڵێكی راگەیاندن هەواڵێك بڵاو كراوەتەوە گوایە دادگای تەمیز فەرمانی دەستگیردنی د میران محە‌ممە‌دی هەڵوەشاندوەتەوە و تۆمەتەكانی رەتكردووەتەوە، بەپێویستمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بۆ بەرچاوڕوونی هەموو لایەك بخەینەڕوو:  

١) تۆمەتەكان رەت نەكراونە‌تە‌وە و دۆسییە‌كە‌ بە‌ ھیچ شێوە‌یە‌ك دانە‌خراوە و گە‌ڕێندراوە‌تە‌وە‌ بۆ دادگای دە‌ستپاكی بۆتە‌واو كردنی رێكارە‌ یاساییە‌كان.  

٢- دادگا لەبڕیارەكانیدا سەربەخۆیی تەواوی هەیە و بەپێی یاسا و بەگوێرەی ئەو سكاڵا و بەڵگانەی دەخرێتە بەردەستی كار دەكات و لەسەر داوای هیچ كەسێك و لەخۆڕا دۆسیە ناكاتەوە و دۆسیە داناخات.  

٣) یاسا لەسەرووی هەموو لایەكە و دادگا ئیجرائاتی یاسایی خۆی دەكات بەبێ گوێدانە پلە و پایەی لایەنەكانی داوا.  

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی  


PM:09:15:14/09/2021