یەکگرتوو: کۆبوونەوەکەی هەولێر دەبێتە پاساو بۆ پەلامارێكی دیکەی ناحەزان بۆسەر هەرێم و ئەزموونەکەی

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت" كۆنگرەی ئاشتی و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ قەوارەی ئیسرائیل کە رۆژی هەینی لەهەولێر بەڕێوەچوو كۆنگرەیەكی پیلانگێڕانەیە و بەهەنگاوێكی دووژمنانەی دەزانین".

لەراگەیەنراوێکدا ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو ئاماژەی ئاماژەی بەوەکردووە" جێگەی داخە كە لە پایتەختی هەرێمی كوردستاندا، كۆنگرەیەكی پیلانگێڕانەی ئاوا ببەسترێ‌ لەلایەن كەسانێكی نەكرەو ناحەز بەدۆزی ڕەوای گەلەكەمان، بەناوی كۆنگرەی ئاشتی و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ قەوارەی داگیركاری ئیسرائیل". 

ئەوەش هاتووە" ئەم پیلانگێڕیە مەحكوم دەکەین و بەهەنگاوێكی دووژمنانەی دەزانین بۆ ناشرین كردن و تێكدانی دۆستایەتی گەلانی ناوچەكەو یەكسانكردنی ستەمكارو ستەملێكراوو دەبێتە پاساو بۆ پەلامارێكی تری ناحەزانی هەرێم و ئەزموونەكەی". 

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا دەکات، دەزگا پەیوەندیدارەكان چاوكراوەتربن و ڕێگەنەدەن هەرێمی کوردستان ببێتە مەیدانی خەڵكان و مۆڵگەی پیلانگێڕی لەسەر حیسابی مافی میللەتەكەمان.


PM:09:41:25/09/2021