دادگای بەغدا فەرمانی دەستگیرکردنی ٣ کەسی کۆنگرەکەی هەولێر دەرکرد

 
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سێ لە ڕێکخەرانی و سەرپەرشتیارانی کۆنگرەکەی هەولێر دەرکرد کە تێیدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق- ئیسرائیلیان کردبوو، تا ئێستا نەزانراوە هەولێر ئامادەیە رادەستی بەغدایان بکات.

ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە ڕوونکردنەوەیەکدا (٢٦ی ئەیلول) بڵاوکرایەوە هاتووە " دادگای لێکۆڵینەوەی بەری کەرخ لەسەر بناغەی ئەو زانیارییانەی کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانییەوە پێیگەیشتووە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ (ویسام حەردان) کرد بەهۆی ڕۆڵی ناوبراو لە داواکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل."  
  
هەروەها هاتووشە، فەرمانی دەستگیرکردن درکراوە بۆ (میسال ئالوسی) و (سەحەر کەریم تائی) کە فەرمانبەرە لە وەزارەتی ڕۆشنبیرییە بە هەمان تۆمەت.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە رێوشوێنی یاسایی دژی هەموو بەشداربوانی کۆنگرەکەی هەولێر دەردەکات.

دوێنێ لە هەولێر کۆنگرەیەک  سازکرا کە زۆربەی بەشداربوان لە عەرەبی سونەبوون و داوای ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکان لەگەڵ ئیسرائیل کرد، حوکمەتی هەرێم بێ ئاگایی خۆی لەو کۆنگرەیە راگەیاند، دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیکردن تا ئێستا روونەبۆتەوە کە هەرێم رادەستی ئەو داواکراوانە دەکات.    



AM:11:52:26/09/2021