بافڵ تاڵەبانی: نابێت رێگە بدەین بەناوی دەسەڵاتی دادوەرییەوە ئازادییەکان بۆ ویستی سیاسی بەرتەسک بکرێنەوە

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی ئەمڕۆ لە دەباشان لەگەڵ خانەوادەی زیندانیکراوەکانی بادینان کۆبوەوە و رایگەیاند" لە دەڤەری بادینان ئازادییە گشتییەکان بەرتەسککراوەتەوە و چالاکوانان، رۆژنامەنوسان، مامۆستایان و لایەنگرانی دەرەوەی پارتی لەسەر دەربڕینی بیروبۆچونەکانیان و "وتنی راستی و داواکردنی مافەکانیان زیندانی دەکرێن". 

نوسینگەی راگەیاندنی هاوسەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە خانەوادەی زیندانیکراوەکانی بادینان، لە دیدارێکدا گوێبیستی خواست و داواکاری کەسوکاری رۆژنامەنوس و چالاكوان و مامۆستا و زیندانیکراوانی بادینان بو، رونیانکردەوە "کە بەبێ ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی بڕیاریان لەسەر دراوە و بەناوی ئاسایشی نیشتمانییەوە دادگایی کراون."

ئەوەش هاتووە" بافڵ تاڵەبانی وێڕای دەربڕینی ھاوسۆزی بۆ کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان کە لەبەرامبەر وتنی راستی و داکۆکی لە مافی گشتی زیندانیکراون، رونیکردەوە لە دەڤەری بادینان ئازادییە گشتییەکان بەرتەسککراوەتەوە و چالاکوانان و رۆژنامەنوسان و نوسەران و مامۆستایان و لایەنگرانی دەرەوەی پارتی لەسەر دەربڕینی بیروبۆچونەکانیان، وتنی راستی و داواکردنی مافەکانیان زیندانی دەکرێن و بڕیاری پێشوەختەیان لەسەر دەدرێت، کە ئەمە بۆتە ھۆ ئەوەی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ  وێنایەکی خراپ لەسەر ھەرێم بەتایبەت ناوچەی بادینان دروست ببێت و بەئاشکرا رەخنەمان لێبگیرێت". 

نوسینگەی راگەیاندنی هاوسەرۆکی یەکێتی ئەوەشی خستوەتەڕوو: ھاوسەرۆک رایگەیاند یەکێتی باوەڕیی تەواوی بە ئازادی رادەربڕین و رەخساندنی زەمینەی لەبار بوە تا رۆژنامەنوسان پیشەییانە و پابەند بە بنەمای کاری راگەیاندن ئەرکەکانیان رابپەڕێنن، سنوری ئازادییە کەسییەکان نەبەزێنن و زەمینەیان بۆ بڕەخسێنرێت تا ئازادانە و ئازایانە کاری میدیایی بکەن و مافيشیان پارێزراوبێت. بۆیە یەکێتی لە دۆخی ئازادی رادەڕبڕین و کاری میدیایی لە دەڤەری بادینان نیگەرانە و لەگەڵ ئەوەدانین کە رۆژنامەنوس لەسەر ووتنی راستی، خاوەن قەڵەمە بوێرەکان لەسەر داکۆکی لە مافی گشتی، چالاكوانان لەبەرامبەر پێشڕەویکردنی مافی خەڵک، مامۆستایان لەسەر داوای قوتی ماڵ و منداڵیان و کەسانێکیش لەسەر ئازادی سیاسی و بیروڕای جیاواز زیندانی بکرێن.

باسی لەوەشکردوە: ئەم رەفتارانە ھی حیزبە تاکرەو و خۆسەپێنەکانە، کە لەگەڵ ئەزمونی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ھەرێم یەکناگرێتەوە، بۆیە داوامانکردوە کۆتایی بەم بارودۆخە نائاساییەی بادینان بھێنرێت و رێگە لەوەبگیرێت دادگاکان تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێن و حیزب بڕیار لەسەر ئەم کەیسانە بدات.

بافڵ تاڵەبانی پەیوەست بە داواکاری کەسوکاری زیندانیانی بادینان وتی" ئازادی و رەخنە زیانی بۆ دیموکراسی و ناوبانگی ھەرێم نابێت، بەڵکو ئەوەی ئەزمونی ھەرێمی کوردستان لەکەدار دەکات زیندانیکردن و کپکردنی بیروڕای جیاواز و دەستوەردانە لە دەسەڵاتی دادوەری و دروستکردنی سیناریۆ و تۆمەت دروستکردنە بەناوی دادگاکانەوە. بۆیە بەھیچ شێوەیەک ئەو دۆخەی لە بادینان دروستکراوە جێگای قبوڵکردن نییە و رێنادەین یاسا بکرێتە سێبەری داپۆشینی ئەو پێشێلکاریانە چونکە لە ھیچ یاسایەکی دونیادا نییە زیندانی بێ ئەوەی دادگایی کرابێت، ساڵی زیندانییەکەی و مانەوەی لەزیندان دیاریکرابێت کە ئەمە دەستوەردانی ئاشکرایە لەکاروباری سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دژی مافی مرۆڤیشە". 

هاوسەرۆکی ئەوەشی خستوەتەڕو: دڵنیابن یەکێتی پەیوەستە بەڕێبازی مامەوە، بۆ دابینکردنی نان و ئازادی بێ مەرج بۆ نوسەر، رۆژنامەنوس و ئازادیخوازان، لەپێناو ھێشتنەوەی ئەو بەھا باڵایانە داکۆکیکەر و پارێزەری ئەو رێبازە دەبین و نابێت رێگەبدەین بەناوی دەسەڵاتی دادوەرییەوە ئازادییەکان بۆ ویستی سیاسی بەرتەسک بکرێنەوە.


PM:05:24:26/09/2021