هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی لە پێشوازی کەسوکاری گیراوەکانی بادیناندا دەڵێت "ئەو رەفتارانەی بەرامبەر گیراوەکانی بادینان کراوە، رەفتاری حیزبە تاکرەو و خۆسەپێنەکانە، کە لەگەڵ ئەزموونی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ھەرێم یەکناگرێتەوە، بۆیە داوامانکردووە کۆتایی بەم بارودۆخە نائاساییەی بادینان بھێنرێت".
میدیای یەکێتی بڵاویکردۆتەوە لە دیدارێکدا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی، گوێبیستی خواست و داواکاری کەسوکاری رۆژنامەنووس و چالاكوان و مامۆستا و زیندانیکراوانی بادینان بوو، روونیانکردەوە کە بەبێ ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی بڕیاریان لەسەر دراوە و بەناوی ئاسایشی نیشتمانییەوە دادگایی کراون.
وەک بڵاوکراوەتەوە، بافڵ تاڵەبانی " وێڕای دەربڕینی ھاوسۆزی بۆ کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان کە لەبەرامبەر ووتنی راستی و داکۆکی لە مافی گشتی زیندانیکراون، روونیکردەوە لە دەڤەری بادینان ئازادییە گشتییەکان بەرتەسککراوەتەوە و چالاکوانان و رۆژنامەنووسان و نووسەران و مامۆستایان و لایەنگرانی دەرەوەی پارتی لەسەر دەربڕینی بیروبۆچونەکانیان، ووتنی راستی و داواکردنی مافەکانیان زیندانی دەکرێن و بڕیاری پێشوەختەیان لەسەر دەدرێت، کە ئەمە بۆتە ھۆ ئەوەی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وێنایەکی خراپ لەسەر ھەرێم بەتایبەت ناوچەی بادینان دروست ببێت و بەئاشکرا رەخنەمان لێبگیرێت".
هەروەها هاتووە " ھاوسەرۆکی یەکێتی بە راشکاوی ھەڵوێستی روونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خستەڕوو رایگەیاند یەکێتی باوەڕیی تەواوی بە ئازادی رادەربڕین و رەخساندنی زەمینەی لەبار بووە تا رۆژنامەنووسان پیشەییانە و پابەند بە بنەمای کاری راگەیاندن ئەرکەکانیان رابپەڕێنن، سنووری ئازادییە کەسییەکان نەبەزێنن و زەمینەیان بۆ بڕەخسێنرێت تا ئازادانە و ئازایانە کاری میدیایی بکەن و مافیشیان پارێزراوبێت".
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەکێتی لە دۆخی ئازادی رادەڕبڕین و کاری میدیایی لە دەڤەری بادینان نیگەرانە و لەگەڵ ئەوەدانین کە رۆژنامەنووس لەسەر ووتنی راستی، خاوەن قەڵەمە بوێرەکان لەسەر داکۆکی لە مافی گشتی، چالاكوانان لەبەرامبەر پێشڕەویکردنی مافی خەڵک، مامۆستایان لەسەر داوای قوتی ماڵ و منداڵیان و کەسانێکیش لەسەر ئازادی سیاسی و بیروڕای جیاواز زیندانی بکرێن. ئەم رەفتارانە ھی حیزبە تاکرەو و خۆسەپێنەکانە، کە لەگەڵ ئەزموونی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ھەرێم یەکناگرێتەوە، بۆیە داوامانکردووە کۆتایی بەم بارودۆخە نائاساییەی بادینان بھێنرێت و رێگە لەوەبگیرێت دادگاکان تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێن و حیزب بڕیار لەسەر ئەم کەیسانە بدات.
بافڵ تاڵەبانی ھەر پەیوەست بە داواکاری کەسوکاری زیندانیانی بادینان ووتوویەتی " ئازادی و رەخنە زیانی بۆ دیموکراسی و ناوبانگی ھەرێمەکان نابێت، بەڵکو ئەوەی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لەکەدار دەکات زیندانیکردن و کپکردنی بیروڕای جیاواز و دەستوەردانە لە دەسەڵاتی دادوەری و دروستکردنی سیناریۆ و تۆمەت دروستکردنە بەناوی دادگاکانەوە".
ھەر لەدیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی پێیراگەیاندون بەھیچ شێوەیەک ئەو دۆخەی لە بادینان دروستکراوە جێگای قبوڵکردن نییە و رێنادەین یاسا بکرێتە سێبەری داپۆشینی ئەو پێشێلکاریانە چونکە لە ھیچ یاسایەکی دونیادا نییە زیندانی بێ ئەوەی دادگایی کرابێت، ساڵی زیندانییەکەی و مانەوەی لەزیندان دیاریکرابێت کە ئەمە دەستوەردانی ئاشکرایە لەکاروباری سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دژی مافی مرۆڤیشە.