عەلی باپیر: کۆبوونەوەکەی هەولێر بەڵایە

عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان رایگەیاند " ٣٠٠ كەس لە هۆڵێكدا لە هەولێر كۆبونەوە بكەن‌و داوای ئەوە بكەن پەیوەندی لەگەڵ قەوارەی زایۆنی ئاسایی بكرێتەوە، تۆبڵێی حكومەتی هەرێم ئاگایی لێ نەبێت، ئەگەر زانیویان بەڵایە، ئەگەر نەیانزانیوە بەڵاكە گەورەترە".

 لەسلێمانی عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەکەی کرد و وتی " هەوڵماندا بۆ ئەم هەڵبژاردنە هاوپەیمانێتی بكەین، بەڵام بەدەستمانەوە نەهات، ناچمە ناو وردەكارییەكەی چونكە بە باشی نازانم، چونکە هەبوە لەگەڵی رێكنەكەوتوین، هەشبوە متمانەمان پێی نەبوو، بە رەفیقی باشمان نەدەزانێ بۆ رێگە".

هەروەها وتیشی "حزبی وا هەیە ئەندامەكانی خۆی كردوە بە مەڕ، ئەبێ چ لە هەگبەیدا هەبێ بۆ میللەت. هەروەها پێكهاتەیەكی گەورەی عێراق كە سوننەی عەرەبن پەراوێزخراون، كوردیش هەر چاوی لەسەر ئەو سێ پارێزگایە، نازانێ كە ئەو سێ پارێزگایەش بە پارێزگاكانی ترەوە پەیوەستن، ئەگەر ئەوێ باش نەبوو، ئێرەش باش نابێ."

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان باسی لەوەش کرد "كەسێك كە بەشداری ناكات لە هەڵبژاردندا دو گوناحان دەكات، یەكەم ئەركێكی شەرعی خۆی ئەنجام نادات، گوناحێكی تریشی ئەوەیە بۆشاییەك دروست دەكات كە ئەو بۆشاییە بە تەزویرو فرت‌و فێل لەلایەن خەڵكی ناشایستەوە پڕبكرێتەوە."



PM:10:51:26/09/2021