مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەرکۆنەی کۆبوونەوەکەی هەولێر دەکات

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکۆنەی کۆبوونەوەکەی هەولێر دەکات و دەڵێت، "بە هەموو شێوەیەک ئەو جۆرە کۆبوونەوانە رەتدەکەنەوە، ئیدی لە هەرێمی کوردستان بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق". هاوکات پشتیوانیی خۆیشی بۆ دۆزی فەلەستین رادەگەیێنێت.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنن کە بە هەموو شێوەیەک ئەو جۆرە کۆبوونەوانە رەتدەکەینەوە، ئیدی لە هەرێمی کوردستان بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق". یەکێتی رایدەگەیەنێت کە پشتیوانیی دۆزی دادپەروەرانەی فەلەستین دەکەین. هەروەکو دووپاتیدەکەنەوە هەر هەڵوێستێک گرێدراو بێت بە سیاسەتی دەرەوە، ئەوا بەپێی دەستووری عێراق تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە".

وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکۆنەی هەر هەوڵێک دەکات، کە دەست بۆ پرەنسیپ و سیاسەتی دەرەوەی عێراق ببات و سەقامگیری و ئاسایشەکەی تێکبدات و قەیران دروستبکات".

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەشڵێت، ستایشی هەوڵەکان دەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و "دوای هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی هاوپەیمانیی کوردستان، قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندیی نیشتمانیی پتەوی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند لە هەموو ئاستەکان بەدیدێت، لەوانەش بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەوە".




PM:11:34:26/09/2021