مەسعود بارزانی داوا لە لایەنە کوردستانییەکان دەکات بۆ یەک ئامانجی هاوبەش کار بکەن

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە پەیامێکدا بە بۆنەی ئەنجامی باشی حیزبەکەیەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، داوا دەکات دوای ئەم هەڵبژاردنە لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز و تەواوكاری یەكتری بن و دەشڵێت " هیوادارم هەموو لایەنەكان بەیەكەوە و بۆ یەك ئامانجی هاوبەش و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان كار بكەن".

مەسعود بارزانی: 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

‎هەولێر -KDP.info-بە بۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو هەڵبژاردنەدا پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان دەكەم. 

پیرۆزبایی لە كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم كە توانیان لە كێبڕكێیەكی مەدەنی و ئارامدا سەركەوتنێكی گەورە بۆ پارتی و ڕێبازەكەیان مسۆگەر بكەن و ڕۆحی شەهیدان ئاسوودە بكەن. سەركەوتنی پارتی لەو هەڵبژاردنەدا بە مانای  سەركەوتنی پڕەنسیب و بەها و ئەو بنەمایانەیە كە خەباتی گەلی كوردستانی لەسەر وەستاوە و، پەیامێكە بۆ هەموو لایەك كە گەلی كوردستان لە هیچ بارودۆخێكدا دەستبەرداری مێژوو و بەهاكانی نابێت. پێویستە ئەو سەركەوتنەی پارتی ببێتە هۆی ئەوەی بەرپرس و كادیر و ئەندامانی پارتی زیاتر خزمەتی خەڵك بكەن و،  هەمیشە ئەو ئامۆژگارییە بە نرخەی بارزانیان لەبیر بێت، "لە سەركەوتندا مەغروور نەبن و لە شكست نائومێد نەبن".

‎هەر بەم بۆنەیەوە سوپاسی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و دەزگا ئەمنییەكان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ دەكەم كە بە شەونخونی و ماندووبوونیان بوونە هۆی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستخۆشیان لێ دەكەم. هەروەها ڕۆڵی بەڕێز مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بەرز دەنرخێنین.

‎سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن سەركەوتنی ئیرادەی گەل و سەركەوتنی دیموكراسیە. هەر بۆیەش هیوادارم لە دوای ئەم هەڵبژاردنە لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز و تەواوكاری یەكتری بن. هیوادارم هەموو لایەنەكان بەیەكەوە و بۆ یەك ئامانجی هاوبەش و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان كار بكەن و، لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ بنیات بنێنەوە.

 



PM:11:21:11/10/2021