جڤاتی گشتی پەیوەندی بەو گۆڕانخوازانەوە ناکات زیانیان گەیاندووە

دوای راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوە رێکخەرو خانەی راپەڕاندن، جڤاتی گشتی هەنگاوەکانی دوای ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە ئاشکرا دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە جڤاتی گشتی بۆ هەڵسانەوەی گۆڕان پەیوەندی بەو گۆڕانخوازانەوە ناکات زیانیان گەیاندووە.

دەقی راگەیەندراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٣ی ١٠ی ٢٠٢١، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا. تێیدا:

یەکەم: وەک دروستکردنی پێشینەیەکی سیاسی نوێ و ڕچەشکێن، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغەیان لە ژیانی سیاسی لە ئەستۆگرت تا دروستکردنی دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە و ئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتیمانی، ئەمەش هەنگاوێکە جێگای نرخاندنی بەرزە و وەڵامی ڕاستەوخۆی ئیرادەی گۆڕانخوازانە بۆ گۆڕانکاری.

دووەم: ستراتیژی بنیاتنانەوەی پایەکانی قۆناغی نوێ لە رێگەی داڕشتنەوەی بنەماکانی خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی، ڕێکخراوەیی، میدیایی، گوتاری سیاسی و پرسی بەشداری گۆڕان لە حكومەتدا بڕیاریان لێ درا.

سێیەم: ئەنجامدانی کۆڕ و کۆبونەوەی فراوان لەگەڵ گۆڕانخوازان بۆ دروستکردنی بڕیاری دەستەجەمعی و دەستپێکی قۆناغی هەستانەوە. هاوکات بۆ نرخاندنی توانا و پەرۆشی ئەو خەڵکانەی لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا هاوکار و پاڵپشتی بزوتنەوەی گۆڕان بون، یان نوێنەرایەتیان کردوە و زیانیان بە بزوتنەوەکە نەگەیاندوە؛ پەیوەندیان لەگەڵ بکرێت و ببنەوە بە بەشێک لە ستراتیژی بنیادنانەوە و داڕشتنەوەی متمانە.

چوارەم: ڕاستە بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی کاتی نوشستی خواردوە، بەڵام هەموو گۆڕانخوازان دڵنیادەکەینەوە؛ هەڵەکان راست دەکەینەوە و ئیرادەی بەخۆداچونەوە و چاکسازی و گۆڕانکاری خەڵکی کوردستان سەردەکەوێ.

 جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
١٣ی ١٠ی ٢٠٢١



PM:09:16:13/10/2021