شەپۆلێکی بارانبارین و بەفر ڕوو لە ناوچەكانی كوردستان دەکات

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات، کە نزمە پاڵەپەستۆیەكی دەریای ڕەش هەڵدەكاتە سەر ناوچەكە و بەهۆیەوە لە باكووری كوردستان بەفر و باران دەبارێت. 

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" ڕۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە نزمە پاڵەپەستۆیەك لە دەریای ڕەشەوە بە كاریگەری بارستە ھەوا ساردەكەوە كار دەكاتە سەر ناوچە شاخاوییەكانی باكووری كوردستانی بە شێوەی بارانبارینی مامناوەند و پچڕ پچڕ و بارینی بەفر لە شاخە بەرزەكاندا لەبەرزی زیاتر لە ٢٦٠٠م لە ئاستی ڕووی دەریاوە". 

ڕاشیگەیاند" كاریگەری ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە تا ناوچە شاخاویەكانی سنووری پارێزگای دھۆك و ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەڕین درێژ ئەبێتەوە بەشێوەیەكی مامناوەند ئەگەری باران بارینی پچڕ پچڕی لێدەكرێت". 

ئەوەشی خستەڕوو: ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە كەشێكی ساردی لەگەڵدا ئەبێت و تا ڕۆژی چوار شەممە ٢٠-١٠-٢٠٢١ كاریگەری بەلاوازی ئەمێنێتەوە لەو ناوچانەدا، بەڵام كاریگەری ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە كار ناكاتە سەر ناوچەكانی دیكەی ھەرێم و ئەگەری گۆڕانكاریش لە ئارادایە.


AM:12:00:17/10/2021