کەشناسێکی شارەزا پێشبینی دەکات سبەینێ یەکشەممە لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم بارانبارین و هەورەبروسکە بەردەوام دەبێت.
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند" سبەی یەکشەممە لە ئەنجامی بەردەوامی و درێژبوونەوەی کاریگەرییەکانی نزمەپاڵەپەستۆ و شێی دەریای (ناوەراست + سوور) لەسەر ناوچەکانمان ئاسمانی ھەرێم بەزۆری نیمچە ھەوراوی دەبێت و لەھەندێک کاتدا دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو".
ئاماژەی بەوەشکردووە" هەروەها ئەگەری چالاکبوونەوەی بارستە ھەوری باراناوی بەخوڕ و تەرزە و روودانی ھەورە بروسکە دەبێتەوە لە ھەندێ کات و ناوچەدا بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی و نادیار دەبێت لە ڕووی رێژەی دابارین و کاتی چربوونەوەی ھەورەکان لەناوچەکاندا لەھەموو ناوچەیەکیشدا باران نابارێت".
ئەوەشی خستووەتەڕوو: پلەکانی گەرما بەجێگیری دەمێنێتەوە و خێرایی با چالاکی مامناوەند دەبێت بەخێرای (١٥ تا ٢٥) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و ئاراستەی با ناجێگیر و گۆڕاو دەبێت.
ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە: لەناوچەکانی گەرمیان و باشوری پارێزگای کەرکوک کاتەکانی پێش نیوەرۆ بۆ دوای نیوەرۆ خێرایی با لە ئاراستەی باشور و باشوری رۆژئاواوە بۆ ماوەیەک بەرادەیەکی بەرچاو چالاک دەبێت بەخێرایی (٣٠ تا ٤٠) کیلۆمەتر زیاتر لە کاتژمێرێکدا و دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ و ناڕوونبوونی ئاسمانی ناوچەکە بەتایبەت کاریگەری تۆز و خۆڵەکە لە ناوچەکانی ئەوپەری باشوری گەرمیانەوە بەھۆی بەھێزی باکەوە دەگاتە سنورەکە.