ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ دەربارەی هێرشه تیرۆرستیه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سنوری كوڵه‌جۆ بۆسه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه پەیامێکیان بڵاوکردەوە.
له‌م باره‌یه‌وه مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە" هه‌واڵی شه‌هیدبوونی ژمارەیەک پێشمه‌رگەی قاره‌مان لە شه‌وی ڕابردوو لە سنووری کوڵەجۆ، كه لەکاتی بەهاناوەچوونیی هاو‌سه‌نگه‌ره‌كانیان شه‌هید بوون، زۆر خه‌مباری كردم، هاوخه‌می خۆم ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه و كه‌سوكاریان ده‌كه‌م و داواكارم له خودای مەزن، گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم".
سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێم له ڕاگەیەندراوەکەدا ئه‌وه‌ی به‌بیرهێناوه‌ته‌وه كه چەندین جار هۆشدارییان داوە لەبارەی مه‌ترسییه‌كانی" تیرۆریستانی داعش و خۆڕێكخستنەوەیان بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدرارەی هەرێم، كه سوودیان لەو بۆشاییە ئه‌منییه‌ی لەو ناوچانە هەیە وه‌رگرتووه و بوونەتە مەترسییه‌كی جدی بۆ سەر ئاسایش و دانیشتووانی ناوچه‌كه".
مەسرور بارزانی داواش دەکات، کە په‌له بكرێت له كاراتركردنی سەنتەرەکانی ئەمنی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، به هه‌ماهه‌نگی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێوەدەوڵەتی دژ بە داعش، بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنیی لەو ناوچانە پڕ بکرێتەوه،
بۆ ئە‌و مەبەستەش وەزارەتی پێشمەرگەمان ڕاسپاردوە ئامادەکاری زیاتر بکەن و ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ سنوردارکردن و نەهێشتنی هەڕەشەکانی داعش و ڕێگری‌کردن لە زیانگەیاندن بە هێزەکانی پیشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە.
لە لایەکی تریشەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکیدا دەڵێت"
ئەم پەلامارانە دەیسەلمێنن کە هێشتا مەترسی ئە‌و گروپە تێرۆریستییە هەر ماوە، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پێشمەرگە و سوپاى عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەماهەنگی زیاتر بکەن بۆ نەهێشتنی ئە‌و مە‌ترسییە و دزەکردنی چەکدارانی داعش، ھە‌روەھا جە‌ختدە‌كە‌ینە‌وە كە زۆر پێویستە كار لە‌سە‌ر بنبڕكردنی فیكری تیرۆریستی بكرێت".
لای خۆشیەوە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند" به نیگه‌رانییه‌كی زۆره‌وه له چه‌ندباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌م په‌لاماره تیرۆریستییانه بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی ھێزی پێشمه‌رگه، له ناوچه كێشه‌له‌سه‌ر و دابڕێندراوه‌كانی ھه‌رێم ده‌ڕوانم، بۆ به‌رپه‌رچیدانه‌وه‌ی ئه‌م په‌لامارانه، پێویستی زیاترمان به پلان، به‌رنامه‌ی ھاوبه‌ش و ھه‌ماھه‌نگی ھه‌یه، به‌تایبه‌ت چڕكردنه‌وه‌ی كاركردنی پێكه‌وه‌یی زیاتر له نێوان ھێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقدا، بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی داعش و رێگری له جموجۆڵه‌كانیان كه مایه‌ی ھه‌ڕه‌شه‌ی جددین بۆ ئه‌و سنورانه، پێویستە
دۆسیه‌ی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه به ھاوبه‌شی، به سیاسه‌ت و تێڕوانینێكی تره‌وه له‌پێناو سه‌قامگیریی، ئاسایش و ئارامی زیاتر به‌ڕێوه‌ببرێن".
شەوی رابردوو تیرۆرستانی داعش لە سنووری ئیدارەی گەرمیان هێرشێکیان بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامدا و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چواری دیکەش بریبداربوون.