بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر: پیاوێک دەستڕێژی گولەی لە ژنەکەی کرد

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاشكرایکرد، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی تشرینی دووەم،  لە گەڕەكی سەركارێز پیاوێك تەقەی لە خێزانەكەی كردووە و برینداری كردووە و ڕاشیگەیاند " تۆمەتبار دەستگیر كراوە".

مقەدەم هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاشکرایکرد، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای بیستنی دەنگی تەقە لە گەڕەكی سەركارێز دەستبەجێ ھێزەكانمان لە بنكەی پۆلیسی باداوە و بنكەی پۆلیسی سەروەران گەیشتنە شوێنی مەبەست، كەسی تەقەكەریان بەناوی (ھ.ع.ق)یان دەستگیر كردووە، كە خێزانی خۆی بە دوو گوولە بریندار كردبوو.

ئەوەشی ئاشکراکرد، هێزەكانی پۆلیس دەستیان بەسەر چەكی بەكارھاتوودا گرتووە لە جۆری كلاشینكۆف و دەمانچە و چەقۆیەك.

ناو براو باسی لەوەشکرد، تۆمەتبار پەراوی بۆ كراوەتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی و هاوسەرەكەشی گواسترایەوە نەخۆشخانە.

 



PM:04:19:28/11/2021