وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو قوتابیانەی
کۆچیان کردووە و دووبارە گەڕاونەتەوە بڵاوکردووە
و دەڵێت "ماوەی دابڕانیان لە خوێندن بۆ بە نەهاتوو هەژمار نەکرێت".
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی قوتابییان و خوێندکاران
و بارودۆخی ئەو قوتابییانەی لەگەڵ خێزانەکانیان چوونە دەرەوەی وڵات و کۆچیان کردووە
و ئێستا گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان، وەکو کارئاسانی ماوەی دابڕانیان لە خوێندن بۆ
بە نەهاتوو هەژمار نەکرێت.
لە دەقی راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە، ئەو قوتابییانەی کۆچیان کردووە
و ئێستا گەڕاونەتەوە، "بڕیاردرا ئەم قوتابییانە لە چ قۆناخێک بن (بنەڕەتی،
ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە، پەیمانگەکان) ئەوەی ئارەزووی هەبێت بگەڕێتەوە بۆ
خوێندن و ماوەی دابڕانی لە خوێندنی بۆ بە نەهاتوو هەژمار نەکرێت و بگەڕێتەوە بۆ
ناوەندەکانی خوێندن و درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن".
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت "لە رێنوێنییەکی تایبەتدا بارودۆخی قوتابییەکە
لەبەرچاو دەگیرێت، بە مەرجێک پێش تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم پەیوەندی بە قوتابخانەوە
بکات".