عوسمانی حاجی مەحمود سیاسی سەربەخۆی کوردستان رایدەگەیەنێت کە ئەو هێشتا بڕیاری دامەزراندنی حیزبی نەداوە، بەڵکو تەنها میدیایەک دادەمەزرێنێت.
لە روونکردنەوەیەکدا عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی پێشووی مەکتەب سیاسی یەکێتی و ئەندامی خانەی راپەڕاندنی پێشووی گۆڕان، دەڵێت " لەهەندێك دەزگای راگەیاندن وا باس دەکرێ كە ئێمە لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاورێ و دۆستان و خەمخۆرانی گەلەكەمان حزبێکی سیاسیمان راگەیاندوە، سوپاس بۆ ئەو میدیا و کەسانەی کە دیارە لە دڵسۆزیان بۆ ئێمەو بۆ خەڵک هەواڵەكەیان بەوشێوەیە دارشتوە".
هەروەها دەشڵێت " راستیەکەی ئەوەیە کە گفتوگۆیەکی دورو درێژی دۆستانەی بەردەوام لە نێوان ئێمەو چەندین کەسایەتی و کارەکتەری سیاسی دڵسۆز و خەمخۆردا ھەیە بۆ چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ دۆخی خراپی کورستان و ژیانی خەڵک و دۆزینەوەی دەرەچەیەکی گونجاو، بەڵام لەبارەی پێكهێنانی حزب یان ھەرفۆرمێکی تری سیاسیەوە ھیچ جۆرە بریارێك نەدراوە".
عوسمانی حاجی مەحمود ئاشکرای دەکات کە ماڵپەڕو پەیجی (متمان نێت) دادەمەزرێنێت و دەڵێت " تەنھا میدیایەکەو ئامانجەکەی خزمەتی خەڵک و ئەو ئاراستەو بیرکردەوانەیە کە لە خەمی دۆزینەوەو بنیاتنانی ھیواو ئومێدن بۆ ئایندەی گەلەکەمان".