خانەوادەی کاوە گەرمیانی: دوو بەرپرسی یەكێتی لە پشتی كوشتنی کاوە بوون

ئەمڕۆ ماوەی ٨ ساڵ بەسەر كوژرانی ڕۆژنامەنووس (كاوە گەرمیانی) تێپەڕدەبێت.

ئەمڕۆ ٥ی كانوونی یەكەم، ماوەی ٨ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كوژرانی كاوە گەرمیان ڕۆژنامەنووس، ئەمڕۆ لە كاتژمێر٢ی نیوەڕۆ مەڕاسیمی سەرەکی و بەخشینی قەڵغانی شەھیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی، لەسەر گڵکۆی شەھید لە گۆڕستانی کەلاری کۆن ئەنجام درا و لە کاتژمێر (٨:٠٠ی شەو)؛ مەڕاسیمی ساتی كوژرانی شەھید کاوە، لە شوێنی كوژرانی لە گەڕەکی سەرکەوتن ئەنجام دەدرێت.

كاروان ئەحمەد، برای كاوە گەرمیانی لەسەر گۆڕی براكەی ڕایگەیاند، "ئەو كەسەی لەسەر تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی دەستگیركراوە نزیكەی مانگێك دەبێت لە زیندانەوە پەیوەندی پێوەكردین، كە دان بەهەموو شتێكدا بنێت، كە بڵێت كێ لە پشت تیرۆركردنی كاوە گەرمیانیەوە و پێی وتین دوو بەرپرسی باڵا دەستیان لە پشت تیرۆركردنی كاوە گەرمیانیەوە هەبووە".
وتیشی "ئەو شەوەی كاوە گەرمیانی كوشتووە كەسێكی تریشی لەگەڵ بووە، بەڵام ئەو ئێستا لە ژیاندا نەماوە".


ڕاشیگەیاند، "ئەو كەسەی ئێستا لە زیندانە پێی وتین بە دەقیقی كێ لە پشت تیرۆركردنی كاوە گەرمیانیەوەیە و وتی دێم لە دادگا هەموو شتێك ئیعلان دەكەم، ئێمەش وتمان وەرە دادگا و پشتیوانیت دەكەین، بەڵام دواتر پەشیمان بووەوە"



PM:04:29:05/12/2021