زانکۆی ئەمستردام پاداشتێکی ڕێزلێنانی بە (مەریوان قانع) بەخشی

مەریوان قانع نوسەری دیاری کورد و مامۆستا لە زانکۆیەکی هۆڵەندا ڕایدەگەیەنێت" زانکۆی ئەمستردام، بەشی زانستە ئینسانییەکان، پاداشتێکی ڕێزلێنانی بە من بەخشی". 

د. مەریوان قانع توێژەر و نوسەری دیاری کورد لە نووسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە ناونیشانی (پاداشتێک بۆ من) دەڵێت" زانکۆی ئەمستردام، بەشی زانستە ئینسانییەکان، پاداشتی ساڵی (٢٠٢٠- ٢٠٢١) بە من بەخشی، پاداشتەکە جۆرێک لە ڕێزلێنان و دەربڕینی پێزانینە بۆ ئەو کارانەی من لە ساڵی (٢٠٢٠- ٢٠٢١) لە زانکۆی ئەمستردام و دەرەوەی زانکۆدا، ئەنجاممداون". 

ئەوەشی خستەروو، لە نامەکەدا کە سەرۆکی بەشی (زمان و کولتورە بیانییە مۆدێرنەکان) بەم بۆنەیەوە بۆ منی نووسیوە پێی لەسەر ئەم چەند خاڵە داگرتوە:

١- کارەکانی من لە ساڵی ڕابردوودا کاریگەریەکی پۆزەتیڤیان لەسەر بەشی دیراساتی جیھانی عەرەبیی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لەو زانکۆیەدا ھەبووە، ژمارەی ئەو قوتابیانەی کۆرسەکانی منیان وەردەگرن زیادیکردوەج و کۆرسەکان سەرنجی قوتابیانی بەشەکانی تری ئەو زانکۆیەیان ڕاکێشاوە، ئەمەش بۆتە ھۆی گەورەبونی ژمارەی ئەو قوتابیانەی لە کۆرسەکانی بەشی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەشداردەبن.   

٢- قوتابییەکان لە و کۆرسانە ھەم زۆر فێربوون و ھەم کۆرسەکان سەرچاوەی ئیلھامیش بوون بۆ زۆرێک لە قوتابییەکان. 

٣- یەکێک لە ئاکارەکانی ئەو کۆرس و وانانەی من دەیانڵێمەوە دەوڵەمەندبوونیانە بە فیکری فەلسەفەیی ھاوچەرخ، ئەمەش بەھۆی ئاشنابوونی من بە زیاد لە بوارێک لە بوارەکانی فیکری ھاوچەرخ و بەکارھێنانی ئەم شارەزاییەش لە کۆرسەکاندا. 

٤- بەشی زانستە ئینسانییەکان ڕۆڵی من وەک ڕۆشنبیرێکی گشتی، لەپاڵ مامۆستا و ئەکادیمیبووندا بەرزڕادەگرێت، پاداشتەکە جگە لە مانا ڕەمزیی و مەعنەویەکانی بڕی ١٥٠٠ ئێرۆشی لەخۆیگرتوە.


AM:10:52:08/12/2021