هەولێر.. بۆ یەکەم جار بە ئەنجام دانی نەشتەر گەرییەک دەنگی پیاوێک دەگۆڕن

نەخۆشخانەی رزگاری لەشاری هەولێر بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمجار لەنەخۆشخانەیەکی حکومی هەرێمی کوردستان لەرێگەی نەشتەرگەرییەکی دەگمەنەوە دەنگی پیاوێکیان لە دەنگی ئافرەتانەوە بۆ پیاوان گۆڕیوە.

 

نەخۆشخانەی رزگاری لەراگەیەنراوێکدا بڵاوی کردوەتەوە، هەفتەی رابردو بۆ یەکەمجار لە لایەن ستافی نەشتەرگەریی قورگ و لوت و گوێ جۆرە نەشتەرگەرییەکی دەگمەن بۆ پیاوێک کرا، کە  دەنگێکی ناسکی هاوشێوەی ئافرەت هەبوو، بەڵام  توانرا دەنگی بگۆڕدرێت بۆ دەنگی پیاوانە و نەشتەرگەریەکە بەسەرکەوتویی ئەنجامدرا.

پزیشکانی نەشتەرگەرییەکە باس لەوە دەکەن، بەشێک لەپیاوان ئەو کێشەیەیان هەیە کە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیان،  دەنگی منداڵییان دەمێنێت و ناگۆڕدرێت بۆیە لەرێگەی نەشتەرگەریی کڕکڕاکەی قوڕگ دەتوانرێت دەنگی بگۆڕدرێت، بۆیە ئەو هاوڵاتییە دوای هەفتەیەک لە نەشتەرگەرییەکە ئاگاداریکردونەتەوە کە هەستی بە گۆڕانکاری کردوە لە دەنگیدا.

نە خۆش خانەکە باسی لەوەشکرد، ئەندامانی ستافی نەشتەرگەرییەکە پێکهاتبون لە پزیشکانی پسپۆر د.هێمن شوانی، د.بەشیر خۆشناو، پزیشکی نیشتەجێی دێرین د.دەریا یوسف و پەرستاران خاتو حسیبە عومەر و  هەڵاڵە عومەر، لەگەڵ سەرکەوت هیمداد لێپرسراوی بەش.

 

 

 



AM:09:51:09/12/2021