ئێران فشار لەکوردو بەتایبەتی یەکێتی دەکات لەگەڵ موقتەدا رێکنەکەون.. ئایا پارتی لەگەڵ تورکیا دەڕاوت، یەکێتیش لەگەڵ ئێران..؟


کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەندان رێگاوە فشاری خستۆتەسەر لایەنە عێراقیەکان و بەتایبەتی کورد و لە نێویدا یەکێتی کە لەگەڵ موقتەدا سەدر نەڕۆن و بەشداری حکومەتی زۆرینەی عێراق نەکەن کە ئەمڕۆ پەرلەمان یەکەم دانیشتنی بۆ ساز دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " ئێران فشارێکی زۆری خستۆتەسەر لایەنە کوردیەکان کە بەشداری حکومەتی زۆرینە نەکەن لەگەڵ موقتەدا سەدر و شکست بەو پرۆژەیە بهێنن، تا هەموو لایەنەکان رەزامەندی پێشان دەدەن حکومەتی تەوافقی پێکبهێنرێت، ئەو فشارانە بە حوکمی جیپۆلتیکی ناوچەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی هەرێم، زیاتر فشارەکە کەوتۆتە سەر یەکێتی.

دەربارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە ئەمڕۆ یەک شەممە سازبکرێت و دواخرا بۆ کاتژمێر ١٢ ی نیوەڕۆ، موقتەدا سەدر دەیەوێت، گەر بۆی بکرێت نەک تەنها سەرۆکی پەرلەمان بەڵکو پرسی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی عێراق و سەرۆکی حکومەتەوە یەکلایی بکاتەوەو حکومەتی زۆرینە بەبێ لایەنە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە نزیکن لە ئێران پێکبهێنێت، بەڵام تەوژمەکەی تر کە خۆی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا رێکخستووە دەیەوێت شکست بە کۆبوونەوەکە بهێنێت و کار بۆ حکومەتی تەوافقی بکات کە ئێرانیش پشتگیری دەکات.

هەرچی حکومەتی زۆرینەیە کە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتی دەکات، وا لێکدەدرێتەوە کە نزیکە لە ئەمەریکا و تورکیا و ئیمارات و سعودیە، کوتلەکەی تریش کە مالکی و هادی عامری سەرۆکایەتی دەکەن زیاتر ئاراستەی ئێرانییە بۆ شێوازی حوکمکردنی عێراق، بەمەش جارێکی تر عێراق بۆتەوە بە چەقی ململانێ هەرێمایەتی و جیهانییەکان و، بۆتە بەشێک لە ململانێی نێوان ئەمەریکاو ئێران و هێزە هەرێمایەتییەکانی ناوچەکە.

ئەم فشارانەی ئێران بەتایبەتی لەسەر کورد بە حکومی پەیوەندی مێژوویی و هاوسنوری ئێران و کورد زۆر خەستبۆتەوە، بەتایبەتی لەسەر یەکێتی کە لەزۆر کێشەدا قەرزاری ئێرانن، هەربۆیە بەپێی بۆچوونی چاودێران ئەمڕۆ و رۆژانی دوای بۆ یەکێتی رۆژانێکی قورس دەبن، چونکە لە هەموو ساتێکدا ئەو گریمانەیە لە ئارادایە کە ئەگەر یەکێتی لەگەڵ ئاراستەی حکومەتی زۆرینەی موقتەدا سەردا  نەڕوات و، ئەو ئاراستەیە سەرکەوتووبێت و لە ژێر فشاری ئێراندا یەکێتی بەشداری نەکات، ئەوا پۆستی سەرۆک کۆمار و زۆر پۆستی تر لە بەغدا لە دەستدەدات، لەو کاتەدا دەبێت ئەو حیزبە ببێت بە ئۆپۆزسیۆن، هەر بۆیە یەکێتی چەقی قورسایی خۆی خستۆتە سەر بەغداو دوێنێ شەویش بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی گەیشتە بەغدا.

 لە گریمانەی دووەمدا ئەگەر یەکێتی بەشداری حکومەتی زرۆینەی سەدردا بکات ئەوا سەرۆکی عێراق و چەندان پۆستی تر دەستدەکەوێت، ئەوا دەکەوێتە ململانێیەکی درێژ و سەختەوە لەگەڵ ئێران و لایەنە شیعە عێراقییەکانی سەر بە ئێران.

بەپێچەوانەشەوە گەر بەشداری نەکات ئەوا یەکێتی دەکەوێتە میحوەری ئێرانەوەو دەکەوێتە بەرەی بەرامبەر ئەمەریکا و ئیمارات و سعودیەو تورکیا.

هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان بە حوکمی پەیوەندی هەمەلایەنەی لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی کەنداو و، جیپۆلۆتەکنیکی ناوچەکانی، زیاتر لە ژێر فشاری تورکیادایە بە بەروارد بە ئێران، هەرچەندە لەسەرەتاوە وا نیشانی داوە کە نایەوێت لەگەڵ ئاراستەی حکومەتی زۆرینەدا بڕوات و داوای لەهەردوو لایەنی شیعە دەکرد کە یەکگرتووبن، بەڵام گەر حکومەتی زۆرینەی سەدر سەربگرێت، ئەوا لەگەڵ ئەو تەوژمەدا دەڕوات و بەشداری حکومەتی زۆرینە دەکات و لەگەڵ ئاراستەی ئەمەریکاو تورکیاو ئیماراتدا دەبێت و دەکەوێتە بەرامبەر ئێران.   
 
پەیوەندیەکانی یەکێتی و هەموو رێکەوتنەکانی نێوان ئەمڕۆ لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، ئایا بەیکگرتووی دەمێنێتەوە، یان پارچەیەکی دەسەڵاتی ئەم هەرێمە بەلای ئێراندا دەروات و پارچەیەکی تری بەلای تورکیادا.    

  



PM:12:11:09/01/2022