بەشێک لە وڵاتانی جیهان لەسەر دۆسییەى دەستگیرکراوانى بادینان رەخنە لە حکومەتى هەرێم دەگرن

‌وێنە.. ئەرشیف
دەربارەی دۆسییەى دەستگیرکراوانى ناوچەی بادینان هەریەک لە نوێنەرانی (ئەمریکا، کەنەدا، یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام) لە یەکێتییەکە رەخنە لە حکومەتى هەرێم دەگرن و پشتگیری لە راپۆرتەکەى نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن.
  
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکەدا پێشوازی لەو راپۆرتە دەکەن کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لەسەر دۆخی ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە.
 
راپۆرتە هاوبەشەکەی یونامی و نووسینگەی کۆمیسیاریی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە رێوشوێنەکانی دادگاییکردنی بەشێک لە دەستگیرکراوانی بادینان، رەخنە لە شێوازی دادگاییکردنەکە دەگرێت و دەڵێت" ئەو راپۆرت و زانیارییانەی دەستیان کەوتوون لەبارەی دادگاییکردنەکان، جێگەی نیگەرانین". 
  
یونامی و نووسینگەی کۆمیسیاریی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەیاندا رەخنە لەوەش دەگرن، کە گەرەنتیکردنی راگرتن بە تەواوەتی رێزی لێنەگیراوە، هەروەها لەپێش دادگاییکردنیان ئەو تۆمەتبارانە لە دۆخێکدا دەستگیرکرابوون کە لەگەڵ لایەنی کەمی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی راگیراون، نەگونجاو بووە.
 
ئەوەش هاتووە" کە ماددەی (٢٢٢)ی یاسای سزادانی عێراق کە لەلایەن دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوانبارکردنی هەندێک لە تۆمەتبارەکان وەکو گردبوونەوە، بە مەبەستی کاریگەری بۆسەر کاروبارەکانی دەسەڵاتە گشتییەکان پێشتر بە فەرمانی هاوپەیمانیی کاتیی ژمارە (١٠) لە (٩( تەممووزی ٢٠٠٣ هەڵپەسێردراوە، چونکە بە شێوەیەکی ناڕەوا مافی ئازادیی رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانە سنووردار دەکات". 

لینکی ڕاپۆرتەکە:


PM:10:43:10/01/2022