خاوەنی مافی یاسایی رۆمانی " کێ سالە شێتی کوشت؟" رێگا نادات بە سەربەخۆ و بەبێ پرس و را بکرێت بەشانۆ و دراما.
لە روونکردنەوەیەکدا کە بۆ ماڵپەڕی سپی نێردراوە، عومەر بابەکر سەلیم ئاغا خاوەنی مافی یاسایی رۆمانی "کێ سالە شێتی کوشت؟ " نوسیویەتی" لەم دواییەدا بیستوومە کە ھەندێک کەس لە ھەوادارانی ڕۆمانەکەی سالە شێت بەنیازی کاری ھونەریو دراماو شانۆ، سەربەخۆ دەستیان داوەتە خۆ ئامادەکردنو کارکردن لەسەر ڕۆمانی سالە شێت".
ئەو رۆشبیرە دەشڵێت " لێرەدا دە مەوێت وەک تەنھا خاوەن مافی سەرەکی ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت؟ ئاگاداری ئەو کەسو لایەنانە بکەمەوە: یەکەم: بەھیچ جۆرێک بێ ڕێپێدانو ڕەزامەندی لەسەر کارێکی لەم جۆرە بەرپرسیارێتی ئەخلاقیو ھونەریو یاسایی دەگرنە ئەستۆ. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە دژی کارێکی لەو جۆرەین، بەڵکو ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەسەر بابەتەکەو خۆشحاڵین بەھەر کارێکی هونەری ئاست بەرزی لەم جۆرە کە لەئاستی ڕۆمانەکەدا بێت.
دووەم: ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت؟ ھێشتا تەواو نەبووەو بەشی سێھەمی ڕۆمانەکە لەپێداچونەوەدایە، بۆیە کارێکی سەربەخۆی لەم جۆرە زیانێکی گەورە بەم بەرھەمە گەورەیە دەگەیەنێت کە نووسەر شەش ساڵو بەندە دە ساڵی ڕەبەق لەپێداچوونەوەو چاوەڕێکردن بەسەربرد تا لەکاتی گونجاودا بیخاتە بەردەستی خوێنەران، بەھاوکاری دۆستانو دڵسۆزانی ڕۆمانەکە. هەر کارێکی لەم جۆرە سەربەخۆو بێڕێپێدان پێچەوانەی ئەخلاقو ویژدانو ھونەرو یاسایە".
لە کۆتاییدا، عومەر بابەکر سەلیم ئاغا دەشڵیت " داواکارم لەھەموو ھونەردۆستو خاوەن ویژدانەکان کە مافی خاوەن داھێنان نوسەرو ھونەرەکان بپارێزن، ئەمانە یاسای بنەڕەتی مرۆڤایەتین با لەجەنگەڵیشدا بن".
" کێ سالە شێتی کوشت ؟" رۆمانێکە باسی قۆناغێکی مێژووی شاری سلێمانی دەکات و لە نووسینی د. عەلی کەریمەو دوو بەرگی لێبڵاوکراوەتەوە کە ١٢٠٠ لاپەڕەیەو، وەک عومەر بابەکر دەڵێت : بەشی سێهەمی ماوەو لە پێداچوونەوەدایە.