کەسێک بەتۆمەتی تێکدانی هێماکانی هاتوچۆ دەستگیرکرا

 

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بڵاویکردەوە ، کەسێک بەناوی سەلاح مۆنیکا بەتۆمەتی تێکدانی هێماکانی هاتوچۆی سەر شەقامەکان دەستگیرکرا.

 

ئەمڕۆ هەینی، ١٤ی کانونی دووەم، فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکیدا ڕایگەیاند

"بەیانی دوێنێ لەكاتی کۆبوونەوەی ئاو لەچەند شەقامێکی هەولێر کەسێک کە بە ناوی سەڵاحی مۆنیکا ناسراوە، بە ئۆتۆمبێلەکەی کۆمەڵێک هێمای هاتوچۆی لەسەر شەقامەکان تێکشکاند و لەهەندێک شوێنیشدا شۆستەكانی شێواند، کە تەنها بۆ نیشاندانی هێزی ئۆتۆمبێلەکەی ئەو کارانەی ئەنجامدابوو ".

وتیشی"ناوبراو دەستكاری تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەشی كردووە و بەشێكی شاردووەتەوە، كە ئەمەشیان تاوانە، لەگەڵ ئەوەشدا بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ دەستكاری ئاكاری ئۆتۆمبێلەكەی كردووە ".

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر باسی لەوەشکرد"ئەو هەموو تاوان و سەرپێچییانەی ئەنجامیداون بە بەڵگەی ڤیدیۆیی و دۆكیۆمێنت سەلمێندراون، كە هەندێكی لەلایەن كەسی نزیکی خۆیەوە بڵاوكراونەتەوە ".

 

 

 


 



PM:09:13:14/01/2022