وەفدێكی باڵای ئێران لە هەرێمە و هەوڵی دەرچوواندنەوەی بەرهەم ساڵح دەدەن


وەفدێكی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی كوردستانە و سەرەتا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەكێتی كۆبوونەتەوە كە مەبەست لێی دەرچوواندنەوەی بەرهەم ساڵحە بۆ سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق.

بەپێی زانیارییەكانی (سپی) ماوەی دوو رۆژە شاندێكی باڵای ئێرانی كە لە حەسەن دانایی فەر، نوێنەری تایبەتی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و عەبدولڕەزا مەسكەرییان بەرپرسی قەرارگەی رەمەزان لە شاری سلێمانین و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی كۆبوونەتەوە و سووربوون لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح و دەرچوونەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆك كۆماری عێراق.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو وەفدەی ئێران سەردانی (یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ)شیان كردوە و داوای هاوئاهەنگی ئەو لایەنانەیان كردوە بۆ بابەتی سەرۆك كۆمار، داواشیان لە نەوەی نوێ كردووە كاندیدەكەیان بۆ سەرۆك كۆمار بكشێنەوە یان لە گەڕی دووەم دەنگ بە د. بەرهەم بدەن.

زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئێرانییەكان داوایان لەو لایەنانە كردووە بۆ ئەوەی رێژەیی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان تەواو نەبێت لەڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە دەبێت ٢٢٥ پەرلەمانتار لە ژوورەوە بن، یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ و ئەگەر بەهەماهەنگی یەكدی نەچنە هۆڵی پەرلەمان. 

هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیەی (ٍسپی) ئەم هەوڵەی ئێرانییەكان بۆ دەرچوونەوەی بەرهەم ساڵح پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئێران پێیوایە كاندیدكردنی هۆشیار زێباری لەلایەن پارتییەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خواستی توركیایە، بۆیە نایانەوێت پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتوو بكەوێتە ژێر ركێفی توركیا، هەروەها ئێران بۆ هەمان مەبەست سەردانی شاری هەولێریش دەكات.

رۆژی شەممە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار كۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن و سەرەنجام بڕیاریاندا بە دوو كاندیدی جیاواز بڕۆنە كێبڕكێ، بۆ ئەو مەبەستەش پارتی هۆشیار زێباری و یەكێتیش بەرهەم ساڵحی كاندید كردەوە.



AM:11:15:24/01/2022