بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە لەبارەی شۆفێری کردن لە هەندێک لە شەقامەکاندا هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان، کە مەترسی خلیسکان هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە لە ئاگادارییەکدا دەڵیت، "ئاگاداری شۆفێران و گەشتیاران دەکەینەوە، بەهۆی بوونی شەختە و سەهۆڵبەندان لەسەر رێگای سەرەکی شەقامەکانی هەورامان بە گشتی و شارۆچکەکانی تەوێڵە و بیارە بە تایبەت، ئاستەنگی هاتوچۆ دروستبووە و مەترسی خلیسکان و رووداوی هاتوچۆ هەیە."
هەر بۆیە، داوا لە شۆفێران دەکات ، لەپێناو سەلامەتی خۆیاندا ئەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە لە هەفتەی رابردوودا شەپۆلێکی بەفر و سەرما رووی لە ناوچەکانی هەرێم کرد و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم پلەکانی گەرما بۆ ژێر پلەی سفری سەدی دابەزیبوون.