كه‌شناسی هه‌رێم واده‌ی شه‌پۆلێكی نوێی باران بارین و بەفری راگه‌یاند

کەشناسی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" سبەینێ شەپۆلێكی باران بارین روو لە ناوچەكانی هەرێم دەكات و کاریگەرى ئەم شەپۆلە تا کاتەکانى بەرەبەیانى رۆژى هەینى لەسەر ناوچەکەمان دەمێنێتەوە". 
 
بەرێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەینێ چوارشەممە لە شەودا نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى سپى ناوەڕاست روو لە ناوچەکەمان دەکات رۆژى پێنج شەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان چالاکتر دەبێت تەواوى ناوچەکەمان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى ئەم شەپۆڵە لەگەڵ باران بارین بارستە هەواییەکى سارد یاوەرى ئەم نزمە پاڵە پەستۆیە دەکات بەفر بارینیش لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت.
 
ئەوەشی خستەڕوو، لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر نمە باران و ناوچەکانى تر بارانى مامناوەندى دەبێت لەسەر ناوچە شاخاوییەکان بەفر بارین دەبێت بە تایبەت ئەو ناوچە شاخاویانەى لە سەرووى 1700 م لەسەر ئاستى رووى دەریا، هاوكات سەنتەرى سلێمانى و هەڵەبجە سەرەتا نمە بارانى دەبێت پاشان بۆ بارانى مامناوەند لەسەر بەشەکانى ترى ئەو پارێزگایەو پاشان بەفر بارین دەبێت وە تەواوى ناوچە بەرزاییەکانى ئەم سنوورە بەفر بارینى دەبێت،ئاستى بارانى پێشبینیکراو لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى لە سەرووى 10 ملم دەبێت، هەروەها سەنتەرى دهۆک لەگەڵ نمە باران هەندێ جار ئەگەرێکى کەمى بەفر بارینى هەیە وە تەواوى ئەو ناوچە شاخاوییانەى کە بەرزیان لە سەرووى 1500 م لەسەر ئاستى رووى دەریا،لە سەنتەرى پارێزگای كەركوكیش نمە بارانى دەبێت لە هەندێ کاتدا.
 
بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی هەرێم، کاریگەرى ئەم شەپۆڵە تا کاتەکانى بەرەبەیانى رۆژى هەینى لەسەر ناوچەکەکان دەمێنێتەوە، لە ماوەى ئەم شەپۆلە نزمبوونەوەى بەرزترین پلەکانى گەرما دەبێت بە دوو تا سێ پلە بە بەراوورد بە ئەمڕۆ لەگەڵ بەرزبوونەوەیەکى کەم لە نزمترین پلەکانى گەرما. 


PM:12:59:25/01/2022