وەزارەتی ئەوقاف: دانانی پرسە دەست پێدەکاتەوە

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد دانانی پرسە دەستپێدەکاتەوە، بەڵام تەنیا یەک رۆژ دەبێت.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی کانوونی دوومی ٢٠٢٢، د. حسن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای کوردستان، شێخ ابراھیم برزنجی بەڕێوەبەری ئیرشادی ئایینی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رێنمایەکانی بەرێوەچوونی پرسەی لەھەرێمی کوردستان راگەیاند.

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا کە پرسەدانان جارێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دانانی پرسە بە مەرج دەبێت.

١- پرسە بۆ ماوەی تەنیا ١ رۆژ دەبێت، ئەویش لە دوای نوێژی نیوەڕۆوە دەبێت.

٢- لەو مزگەوتانەی هۆڵی بۆنە ئایینییەکانیان هەیە رێوڕەسمی پرسە بەڕێوەدەچێت.

٣- لە کاتی بەڕێوەچوونی پرسە جگە لە خوێندنی قورئانی پیرۆز بە هیچ شێوەیەک گوتاردان پێشکه‌ش ناکرێت.

٤- دەنگی بڵندگۆ لەنێو هۆڵی پرسە بەرز نەبێت کە ببێتە مایەی بێزاربوونی پرسەوانان.

٥- بۆ ئەو شوێنانەی قورئان خوێن قورئانی تێدا دەخوێنرێت تەنیا لەنێوان ٥٠ بۆ ٧٥ هەزار دەبێت بە کرێی ئامێری دەنگییەوە.

٦- پێویستە لە پرسەدا رێنماییە تەندروستییەکان و بەستنی ماسک جێبەجێ بکرێت.

٧- لەو مزگەوتانەی هۆڵی پرسەی ئافرەتانی تێدایە هەمان قورئانخوێن کە بۆ پیاوان دانراوە دەنگی دەگوازرێتەوە بۆ پرسەی ئافرەتان.

٨- بەمەبەستی کەمکردنەوەی رووداوی نەخوازراو دەکرێت لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسە ئاراستەی پرسەوانان بکرێت.

٩-بەڕێوەبەرایەتی گەشتی ئەوقاف و قەزا و تێبینەرایەتییەکان بەرپرسن لە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە.


 



PM:02:38:25/01/2022