بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی
خۆی لەسەر ململانێكی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن یەكێتی و پارتیی یەوە
ڕاگەیاند و دەڵێت "لەبری ململانێ بۆ بەدەستھێنانی پۆست و ھێنانەدی خواستی حیزبی،
کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خاک و دەسەڵات و سامان و پێشمەرگە بۆ چوار ساڵی
داھاتوو بکرێت".
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
راگەیەندراوێک لە
بزوتنەوەی گۆڕانەوە
دوابەدوای پرۆسەی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی
پەرلەمانی عێراق، پرسی دیاریکردنی کەسایەتیەک بۆ سەرۆکایەتی کۆمار کە پشکی کوردە؛
بووەتە مژارێکی گەرم و ململانێی توندی حیزبی بەدوای خۆیدا ھێناوە. ئێمە لە بزوتنەوەی
گۆڕان جەخت لەسەر کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ستراتیجێکی نیشتیمانی کوردستانی لە بەغدا
دەکەین، کە لەبری ململانێ بۆ بەدەستھێنانی پۆست و ھێنانەدی خواستی حیزبی؛ کار بۆ
چارەسەرکردنی کێشەکانی خاک و دەسەڵات و سامان و پێشمەرگە بۆ چوار ساڵی داھاتو بکرێت.
بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد لەناو
ھاوکێشەی نوێی عێراق و، دۆخی سیاسیی و ئیداری و ئابوری و ئاسایشی ئەم وڵاتە وادەخوازێت؛
بە یەکگوتاری کوردستانی لەسەر بنچینەی پاراستنی دەستکەوتە دەستورییەکان بەیەکەوە
کاربکەین، نەک سەنگەر لەیەک بگرین، چونکە سەنگەرلەیەکگرتن و پەرتەوازەیی لە بەغدا
کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی سیاسی ھەرێم دەبێت و دەرگای مەترسی گەورەتر بە
رووی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان دەکاتەوە.
ئەولەویەتی ئەم قۆناغەی خەباتی سیاسیی نەتەوەکەمان
لە بەغدا، پێکەوەکارکردنە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی
ئیتحادی بە ئامانجی دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم و بەپیرەوەچونی داخوازییەکانی
هاوڵاتیان، بۆ رەخساندنی ھاوبەشییەکی سیاسیی راستەقینەی کورد لە دەزگای بڕیاردانی
سیاسیی عێراق، بۆ جێبەجێکردنی مادە دەستورییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی خاک و مادەی
١٤٠، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پێشمەرگە و بودجە و دابینکردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی
ھەرێم، بۆ پێداگیری لەسەر دروستکردنی ئەنجومەنی ئتیحادی و کارکردن بە پرەنسیپەکانی
سازان و هاوسەنگی بۆ حوکمڕانی.
ئەزمونی عێراقی نوێ دەریخستوە پۆست و کورسی
و وەزارەتەکان، ھۆکاری بەھێزکردنی پێگە و سەنگی کورد نەبون، ململانێی کەسی و حیزبیش
بە قازانجی جێبەجێکردنی مافە دەستورییەکان نەشکاونەوە، لەبەرئەوە بۆ بەغدا داوای رێککەوتن
و کردنەوەی گرێکوێرەی کێشەکان لەناوخۆدا دەکەین. بۆ ناوخۆیی ھەرێمیش رێزگرتن لە جیاوازییەکان
و کێبڕکێی دیموکراتی بۆ خزمەتکردنی خەڵک و، پەیرەوکرنی بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ
چاکسازی سیاسیی و کارگێری و دارایی، بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و باشکردنی بژێوییەکانی
ژیانی ھاوڵاتیان لەپێشینەیی ئەرکە سیاسیەکان دەزانین.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٥ی١ی٢٠٢٢