پارتی داوا لە 80 كادیر و پاسەوانی ئەدهەم بارزانی دەكات خۆیان یەكلایی بكەنەوە


پارتی دیموكراتی كوردستان داوایان لە 80 كادیر و پاسەوانی ئەدهەم بارزانی كردووە یان بگوازرێنەوە بۆ سەر هێزەكانی زێڕەڤانی، یان ئەوەیە لەكارەكەیان دوور دەخرێنەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (سپی)ی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردووەوە بەرپرسانی باڵای پارتی پەیوەندییان بە 80 كەس لە پاسەوان و كادیرانی شێخ ئەدهەم بارزانی، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی سەركردایەتی پارتی كردووە بۆ ئەوەی خۆیان یەكلایی بكەنەوە لەوەی كە لەگەڵ ناوبراو دەمێننەوە یان ئەوەیە راژەكانیان بۆ سەر هێزەكانی زێڕەڤانی بگوازرێتەوە.

ئەو داوایەی پارتی لە پاسەوان و كادیرانی ئەدهەم بارزانی لە كاتێكدایە لە كۆتایی ساڵی رابردوو ناوبراو دەستلەكاركێشانەوەی لە ریزەكانی پارتی راگەیاند و ماوەیەك روویكردە وڵاتی ئێران، دواتر گەڕایەوە و راگەیاند كە رەنگە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لیست دروست بكات.

ئەدهەم بارزانی ئامۆزای مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتییە چەند ساڵێك بەرپرسیارێتی لەناو پارتیدا هەبوو كە دواهەمینیان سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حیزبە بوو لە پارێزگای سلێمانی- هەڵەبجە.





PM:10:11:26/01/2022