فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شاری سلێمانی کاتژمێرەکانی بەفربارینی لەناو سەنتەری پارێزگاکە دیاریکرد.
بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شاری سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کاتژمێر (٦:٠٠)ی بەیانی سبەینێوە بەفربارین لەناو سەنتەری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات و سەرەتا بارانی لەگەڵدا دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، دواتر تەنها بەفر دەبارێت و تا کاتژمێر (٦:٠٠)ی سبەی ئێوارە بەفربارین بەردەوامی دەبێت.
هاوکات لای خۆشییەوە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، تا ئێستا (٣٨) تەن خوێیان لە شەقام و کۆڵانەکاندا ڕشتووە، لە ئێستاشدا لە ئامادەباشیدان بۆ بارینی بەفر کە بەپێی پێشبینی کەشناسی سبەینێ لە سەنتەری پارێزگاکە دەبارێت.