لە ناحیەی هەریر لە نێوان دوو بنەماڵەدا شەڕ ڕوویدا و بریندار هەیە

کەمێک پێش ئێستا لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا، لەناو بازاڕی ناحیەی هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر، تەقەکرا و بەهۆیەوە هاوڵاتییەک بریندار بوو. 

کاروان کەریم خان، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر بە میدیاکانی راگەیاند" ئەمشەو 
لە ناو بازاڕی ناحیەى هەریری سەر بە پارێزگاى هەولێر لە نێوان دوو بنەماڵەدا گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو، کە چەکى قورس لە شەڕەکەدا بەکارهێنراوە و بەهۆی ڕووداوەکەوە کەسێک بریندار کرا". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هەموو هێزەکان لەسەرهێڵن تاوەکو کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن، هاوکات سەرقاڵی هۆکاری رووداوەکەن تا بزانن ئایا هەمان ئەو دوو بنەماڵەیەن کە پێشووتر لەناو هەریردا کێشەیان هەبوو. 

لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە شەڕە تەقەکە لە نێوان دوو بنەماڵەی ناحیەی هەریردا روویدا، کە بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و ژمارەیەک هاوڵاتی دیکەش بریندار کران. 


AM:12:11:27/01/2022