شاسوار عەبدولواحید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار داوای رای هاوڵاتیان دەكات


شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ یەكلاییكردنەوەی هەڵوێستیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، داوا لە هاوڵاتیان دەكات پێشنیازیان پێ بڵێن. 

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ڕای جەنابتانم لا گرنگە و حەزدەكەم پێشنیازمان بۆ بكەن، بە تایبەت دەنگدەرانی نەوەی نوێ و هەر بەڕێزێكی تر كە ڕایەك و پێشنیازێكی واقیعی هەیە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، لە ئێستادا چاوەكان لەسەر نەوەی نوێن بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتی پۆستی سەرۆك كۆمار، چەند بژاردەیەك هەیە لەبەردەم نەوەی نوێدا كە حەز دەكات رای هاوڵاتیان بزانێت ئەوانیش (نەكشانەوەی كاندیدەكەی نەوەی نوێ و دەنگنەدان بە هیچ كام لە كاندیدانی پارتی یان یەكێتی، كشانەوەی كاندیدەكەی خۆمان و دەنگدان بە كاندیدی یەكێتی، كشانەوەی كاندیدەكەی خۆمان و دەنگدان بە كاندیدی پارتی".

شاسوار عەبدولواحید دەڵێت "ڕایەك دەڵێن ناكرێت نەوەی نوێ لە بابەتێكی وا گەورەدا بێلایەن بێت و ئاست و كاریگەری جوڵانەوەكە بچووك بكەیتەوە و بێبەهای بكەیت و پرسێكی وا گەورە یەكلا نەكەیتەوە، بە تایبەت دەتوانیت كۆمەڵێك داواكاریت هەبێت لە پێناو هاوڵاتییان و خزمەتكردنی خەڵكدا، ڕایەكی تریش هەیە دەڵێت ناكرێت نەوەی نوێ دەنگ بدات بە هیچ كاندیدێكی دەسەڵات، چونكە هەردوو حیزبی دەسەڵات وەك یەك بەرپرسن لە نەهامەتییەكانی هاوڵاتییان".

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتویەتی "بە دڵنیاییەوە لای نەوەی نوێ بەرژەوەندی هاوڵاتییان و ڕای دەنگدەرانمان بە پلەی یەك لا گرنگە، رۆژی شەممە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سیاسی جوڵانەوەكەیە و بریاری كۆتایی دەدەین".

نەوەی نوێ بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید خاوەنی نۆ كورسییە لە پەرلەمانی عێراق، دواتر لەگەڵ بزووتنەوەی ئیمتیداد كە ئەوان نۆ كورسییان هەیە هاوپەیمانی (لەپێناو خەڵك)یان راگەیاند، دوای كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆك كۆمار، هاوپەیمانییەكە (رێبوار عەبدولڕەحمان) پەرلەمانتاری (نەوەی نوێ)یان لە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە.



PM:07:46:27/01/2022