جانۆ: هیچ لایەنێك ڤیتۆی لەسەر زێباری نییە


ئەندامێكی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا رایدەگەیەنێت، هیچ لایەنێكی عێراقی ڤیتۆی لەسەر كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق نییە.

رێناس جانۆ، ئەندامی شاندی پارتی لە بەغدا، بە (باسنیوز)ی نزیك لە پارتی راگەیاندووە، كاری گرنگتر لە پۆستی سەركۆماری عێراق لای پارتی، راستكردنەوەی رێڕەوی سیاسییە، بۆیە ئەوان لە بەغدان بۆ بەردەوامی لە گفتوگۆ و دانیشتنەكانی لەگەڵ لایەنەكان و وتویەتی  "دۆخەكەش زۆر باشە و ئەنجامی كۆبوونەوەكانیش باش و دڵخۆشكەرن".

جانۆ روونیكردۆتەوە، هەوڵ دەدەن سەركۆماری عێراق هەر بە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی هەڵبژێردرێت و  رەتیشی كردەوە هیچ لایەنێك ڤیتۆی لەسەر هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق هەبێت و رایگەیاند "هیچ لایەنێكی عێراق ڤیتۆی لەسەر كاندیدی پارتی بۆ ئەو پۆستە نییە، بە پێچەوانەوە، پێیانخۆشە، تەنانەت ئەو لایەنانەیشی كە هێشتا لایان روون نییە لە بەرامبەریانن یان لەگەڵیانن".

بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆك كۆماری عێراقیش، دووبارە یەكێتی و پارتی بە دوو كاندیدی جیاواز دەڕۆنە پەرلەمانی عێراق، یەكێتی د.بەرهەم ساڵحی كاندید كردەوە و پارتیش هۆشیار زێباری، بڕیاریشە رۆژی 7ی مانگی داهاتوو پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە كۆببێتەوە.



PM:08:07:27/01/2022