بەرگری شارستانی هەولێر ئاگاداری دەداتە هاوڵاتیان

بەرگری شارستانی هەولێر لەبارەی دۆخی کەشوهەوا و بەفر بارینەوە هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت "لەکاتی گەشتەکانتان بۆ ئەو ناوچانەی بەفری لێباریوە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن".

 

 ئەو خاڵانەی بەرگری شارستانی هەولێر بڵاویکردووەتەوە بەمشێوەیەی خوارەوە:

 

١. لەشەقامە سەرەکیەکان دوورمەکەونەوە بە ئۆتۆمۆبیلەکانتان چونکە توشی گیربوون دەبن .

 

٢. ئەو ڕێگایانەی پۆلیسی هاتوچۆ دیاری دەکەن کە سەلامەتن کاتەکانی خۆتانی لێبەسەر بەرن .

 

٣. دڵنیا بن لە ئۆتۆمۆبێلەکانتان ئینجا گەشت بکەن بەتایبەت تایەکان و ئەنتی فرێز .

 

٤. مەچنە ئەو شوێنانەی کە شارەزاییتان لێی نیە و دورە دەستن.

 

٥.وریا بە لەو شەقامانەی دیاردەی بەستن و شەختەی لێیە چونکە ئۆتۆمبێلەکەت کۆنترۆڵی نامێنێت .

 

٦.هەوڵبدە پێش ڕۆژ ئاوا بوون بگەڕێیتەوە چونکە لەشەودا پلەکانی گەرما زۆر دادەبەزن لەم ناوچانە.

 

٧. باشترە گروپەکانی شاخەوانی تا ئاسایی بوونەوەی کەش و هەوا گەشتەکانیان ئەنجام نەدەن بۆ سەلامەتی خۆیان.

 

٨ .وریا بن لە خلیسکان چونکە هەر بەربوونەوەیەک شکانی دەست و قاچی لێ دەکەوێتەوە.

 

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە  کەشناسی هەرێم رایگەیاند،"شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری هەندێک لە شارەکان دەگرێتەوە و تاوەکو نیوەڕۆی سبەی هەینی بەردەوام دەبێت".



PM:08:24:27/01/2022