زانایەکی ناوداری ئاینی کورد کۆچی دواییکرد

زانایەكی تری ئایینی لە هەرێمی كوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دواییكرد.

زانا و كەسایەتی ئایینی و كۆمەڵایەتی ناسراوی کوردستان مامۆستا شێخ حوسێن شێخ عەلی شەمێرانی كە ساڵانێكی زۆر لە شار و گوندەكانی كوردستان خزمەتی زۆری بە ئیسلام و موسڵمانان كردووە، شەوی ڕابردوو لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا لە هەڵەبجەی تازە بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد. 

مامۆستا شێخ (حوسێن عەلی محەمەد) لە ساڵی ١٩٢٦ لە گوندی کانی کەوەی شەمێران لەدایک بووە، لە ساڵی ١٩٣٣ لەگەڵ باوکی (شێخ عەلی شێخ محەمەد شێخ فەتاح) دەستیکردوە بە خوێندن و دوای باوکی لای مامۆستا شێخ عومەری شەمێران خوێندویەتی، لە ساڵی ١٩٥٥ لەگەڵ ( ئەختەری کچی سەید ئەحمەد) ژیانی هاوسەری پێک هێناوە و خاوەنی چوار کوڕ و چوار کچ بووە. 

لە ساڵی ١٩٥٧ لای مامۆستا مەلا محەمەد عەبدوڵا لە مزگەوتی (دارا لاحسان) لە هەڵەبجە ئیجازەی مەلای وەرگرتووە و دوای ئەوەش لە کانی کەوەی شەمێران تەدریسی کردووە و فەقییەی هەبووە.


PM:03:06:28/01/2022