بڕیارە سەرکردایەتی یەکێتی بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح لە سلێمانی کۆبێتەوە

هەرچەندە بڕیار بوو سەرکردایەتی یەکێتی رۆژی شەممە کۆببێتەوە، بەلآم دوا کەوت بۆ یەک شەممە و  بەرهەم ساڵحیش کە تا ئێستا کەمترین بەشداری کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی کردووە لە دوا کۆنگرەی یەکێتی یەوە، بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند کۆبوونەوەکە دوای گەڕانەوەی وەفدی یەکێتی دێت کە بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی چەند رۆژێک لە بەغداد بوون و لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان لە شیعەو سونەدا بەبێ موقتەدا سەدر کۆبوونەوە.

ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیارە یەک شەممە ئەنجام بدرێت و بەرهەم ساڵح بەشداربێت، لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و هەوڵەکان بۆ سەرخستنی بەرهەم ساڵح رادەوەستێت.

وەک پێشتریش لە هەواڵەکانی پێشووی ماڵپەڕی " سپی " دا بڵاوکراوەتەوە، یەکێتی لەو کێبەرکێیەیدا لەگەڵ پارتی لەسەر ئەو پۆستە، شەڕی ئیرادە لەگەڵ پارتی دەکات و هێندە پەیوەندی بەو شەڕەوە هەیە، پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح ەوە نییە کە ژمارەیەکیان تێبینی جدیان لەسەری ئەدای هەیە.

لەو کۆبوونەوەیەدا وەفدەکەی یەکێتی کە بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا بوو، باس لەو بینین و دیدارانە دەکەن کە لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار و ئایندەی سیاسی و حوکمڕانی عێراق لە بەغدا ئەنجامیان داوە، لە دیارترین کۆبوونەوەیان لەگەڵ هەر یەک لە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و، هادی عامریان سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی دابووە، ئەوەی جێگای سەرنجە وەفدەکە موقتەدا سەدر سەرکردەی رەوتی سەدریان نەبینی، هەندێک ناوەندی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە موقتەدا سەدر ئامادە نییە وەفدی یەکێتی ببینێت بە حوکمی نزیکیان لە ئێرانەوە، بەلآم سەرچاوەیەکی یەکێتی ئەو زانیاریانەی رەتکردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " یەکێتی سووردەبێت لەسەر پاڵپشتی کردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، سەرباری تێبینییەکانیان لەسەر ئەو کەسایەتییە، چونکە یەکێتی پێیوایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان لە بەردەمدایەو، گەر هەڵویستیان لاواز بێت بەرامبەر پارتی، ئەوا کاریگەری دەکاتە سەر جەماوەر و دەنگدانی یەکێتی.

پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەپێی دەستوری ولآت، پۆستێکی سومبلیەو دەسەڵاتەکانی زۆر سنور دارە، سەرباری ئەوەی لە ئێستادا یەکێتی و پارتی ناکۆکیەکی زۆریان لەسەری هەیەو هەر لایەکێکیان دەیەوێت مسۆگەری بکات بۆ خۆی. بەپێی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی بەردەوامی ئەو ناکۆکیانە لەسەر ئەو پۆستە دەسەڵات سنوردارە پەل دەکێشێت بۆ هەرێم و چۆنێتی حوکمڕانی ئەو دوو حیزبە لە ئایندەدا.

    



PM:11:44:28/01/2022