روونكردنەوە سەبارەت بە چۆنیەتی داخڵبوونی كچە مۆدێلێكی لوبنانی دەدرێت


بەڕێوەبەرایەتی بازگەكان لە شاری هەولێر رایدەگەیەنێت "ئەو رێنماییانەی لە بازگەكانمان لەسەر كەسی بیانی (دەرەوەی عێراق) جێبەجێ دەكرێت (مۆر)ی هاتن و چوونی یەكێك لە خاڵە سنوریەكان و فرۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانی هەبێت".

بەڕێوەبەرایەتی بازگەكان لە شاری هەولێر لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "لە چەند پەیجێك بابەتێك بڵاوكراوەتەوە گوایە ئافرەتێكی بە ڕەچەلەك لوبنانی، لە بازگەكانی هەولێر بەبێ مامەڵە بۆ‌ كارتی دڵنیایی لە بازگەكان تێپەڕیوە، بەڵام هاوڵاتیانی عیراقی وەستاون بۆ مامەڵەكردن".

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "ئەو رێنماییانەی لە بازگەكانمان لەسەر كەسی بیانی (دەرەوەی عێراق) جێبەجێ دەكرێت (مۆر)ی هاتن و چوونی یەكێك لە خاڵە سنوریەكان و فرۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانی هەبێت، رێكاری دروستكردنی كارتی نیشینگە و رێكاری پێویستیان بۆ ئەنجام دەدرێت و پاشان‌ دەتوانن بە بازگەكانمان هاتووچۆ بكەن".

بەڕێوەبەرایەتی بازگەكان روونیكردۆتەوە "بۆ هاوڵاتیانی ناوخۆی عێراق هەر لە بازگەكانمان بە چەند خولەكێك رێكاری پێویستیان بۆ ئەنجام دەدرێت بە‌ مەبەستی كارتی دڵنیایی، هەموو هاوڵاتیەكی خواروو و ناوەڕاستی عێراقیش بەرێزەوە مامەڵەی لەگەل دەكرێت و كاری پێویستی بۆ ئەنجام دەدرێت".

شەوی رابردوو بڵاوكرایەوە كە كچە مۆدێلێكی لوبنانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سناپێكی كردووە و وتویەتی "من بە دەقەیەك لە بازگەی هەولێر داخڵ بووم، بەڵام هاوڵاتیانی عێراق كاتژمێرێك وەستان".



PM:09:51:19/03/2022