لەکۆی هەزارو ٤٠٢ پلە باڵا ٤٧٩ کەسیان نا یاسایی خانەنشینکراون
حکومەت لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە لەگەڵ گەندەڵیە، یان دژیەتی؟


جێبەجێکردنی بەشێکی تری یاسای چاکسازی کە ئێستا رۆژەڤە و دۆسیەکەیان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیراندایە ،خانەنشینی پلە باڵاکانە، بەپێی ئەو زانیاریە وردانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە لە هەرێمدا هەزار و ٤٠٢ پلە باڵا لە وەزیرەوە تا بەرێوەبەر خانەنشین کراون، لەو ژمارەیە ٤٧٩ خانەنشینیان نا یاسایین، ئەوەی دەمێنێتەوە ٩٢٣ خانەنشینن کە پۆستەکانیان بینیووەو بە یاسایی خانەشین کراون.

بەگوێرەی ئەو وردەکارییەکی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە لە‌ كۆی ١٨٢ خانە‌نشین بە‌ پلە‌ی وە‌زیر، ٤١ كە‌سیان یاسای چاكسازی دە‌یانگرێتە‌وە‌ و دە‌بێ مووچە‌كانیان رابگیرێت.

هەروەها لە " ١٧٤ كە‌س بە‌ پلە‌ی بریكاری وە‌زیر خانە‌نشینن، تەنها ١٣٩ كە‌سیان ئە‌و پلە‌یە‌یان وەرگرتووەو کاریان تێدا کردووە، ئە‌وانیتر کە ژمارەیان ٣٥ وەزیرە دە‌بێت مووچە‌كە‌یان رابگیرێت".

ئەوانەی پەلەی راوێژکاریان هەیە لە ‌كۆی " ٣٤٦ "  راوێژكاری خانە‌نشین، تە‌نھا ٢٩٧ كە‌سیان كێشە‌یان نییە،‌  ئە‌وانیتر ٤٩ کەسن یاسایی نین و دە‌بێت مووچە‌كە‌یان رابگیرێت.

لە بارەی ژمارەی بەڕێوەبەرە گشتیەکانەوە خانەنشینکراوەکانەوە، "زیاتر" لە‌ ٧٠٠ كە‌س بە‌ پلەی بە‌ڕێوبە‌ری گشتی خانە‌نشین بووە‌، ٣٥٤ كە‌سیان بە‌ کردار  بە‌ڕێوبە‌ری گشتی نە‌بوون و مووچە‌كانیان بە‌پێی یاسای چاكسازی دە‌بێت رابگیرێت، لەو ٧٠٠ بەڕێوەبەری گشتیە خانەنشینکراوە، تەنها ٣٦٩ كە‌سیان كێشە‌یان نییە‌.

لە کۆبوونەوەی رۆژی ٦ ی نیسانی ئەنجومەنی وەزیران یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان خرایە بەر باس، لەو کۆبوونەوەیەدا جەختکرایەوە " یاسای چاکسازیی لە پێناوی زامنکردنی ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی شایستەیە و نابێت ببێتە هۆی زیان لێکەوتنی کەسانی شایستە،  ئامانج لە دەرکردنی یاساکەش، لە بنەڕەتدا ڕێگرتنە لە سوودمەندبوونی ناڕەوا لە بودجەی گشتی ".

هەندێ ناوەندی حوکمی و سەرجەم هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش گومان دەکەن کە حکومەتی هەرێم چاکسازی لە خانەنشینی پلە باڵاکاندا بکات، هەندێکیان هۆکەی دەگەڕێننەوە بۆ خودی پارتی و یەکێتی کە بە فەرمانی خۆیان لەساڵانی رابردوودا ئەو کەسانەیان خانەنشینکردووە، هۆکارێکی تریشی دەگەرێننەوە بۆ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ترس لە دەنگدان.

رۆژانی داهاتوودا رۆژانی تاقیکردنەوەی جدیەتی ئەم کابینەیە لە دژایەتیکردن گەندەڵی، یان چاپۆشین و بەسەربردنی ژیان لەگەڵ گەندەڵیدا، وەک کابینەکانی پێشوو.  



PM:06:25:19/04/2022