جێگری سەرۆکی
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، وەزیری دارایی زیاتر لە دوو مانگە
دەوام ناکات و حاڵی مووچەخۆرانی سلێمانیش لەوپەڕی خراپیدایە.
ئەمڕۆ لە
ڕاگەیاندراوێکدا ٢٦ی نیسان سێشەممە، هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی
لە پەرلەمانی کوردستان وتی "لە ٨/٣/٢٠٢٢ لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی
کوردستان داوایکردووە کە بەڕێوەبەری گشتی گومرک و بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەکانی
ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان و بانکی ئاشتی و
بانکی منارە ئامادەی لیژنە بن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داھاتی گومرک و کۆکردنەوەی
داھاتی ناوخ، تاوەکو بو رای گشتی دەربکەوێت کە کێشەی داھاتی ناوخۆ و نەمانی پارە لە
بانکەکانی سلێمانی چین؟ داھاتی دەروازەکان ئایا ھەمووی دێتە خەزینەی حکومەت؟".
وتیشی "بەڵام
ھێشتا وەڵامی ھاتنی بەڕێوەبەری بانکەکان بۆ لیژنەی دارایی نەھاتووە و بەڕێز وەزیری
داراییش ئەوە زیاتر لە دوو مانگە ھەر دەوام ناکات، حالی مووچەخورانی
سلێمانیش لەو پەڕی خراپیدا دەبینرێت."