لە تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل
حکومەتی هەرێم بە ملیارەها دینار زەرەر دەکات


وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بڕیاری داوە تابلۆی ئۆتۆمبیلەکانی هەرێم نوێ بکاتەوە، لە کاتێکدا بە سەدان هەزار تابلۆی کۆن ماوە، بەمەش حکومەتی هەرێم بە ملیارەها دینار زەرەر دەکات.

وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستێکی نوێی کردووە بە مەبەستی گۆڕینی سەرجەم تابلۆی ئۆتۆمبیلەکانی هەرێم و چەند رۆژێکە ئەو تابلۆ نوێیانە کە بەزمانی ئینگلیزی نوسین و ژمارەکەی نوسراوە، بۆتە بابەتی میدیاکان، بە پێی بە دواداچوونێکی ماڵپەڕی " سپی " ئەم تابلۆ نوێیانە لە دوو روەوە زەرەری هەیە کە ئەوانیش رووی مادی و رووی سیاسییە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ساڵی ٢٠١٤ گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکدا دەکات بەناوی ( سەربەخۆوە) کە ئەو تابلۆ کۆنانەی کە ئێستا لەسەر زۆرێک لە ئۆتۆمبیلەکانن دابین بکات بۆ وەزارەتی ناوخۆ و لە پارەی ( غرامە ) هەر پارێزگایەک برێکی بەرچاو دراوە بەو تابلۆیانە، کەچی وەزارەتی ناوخۆ لەم رۆژانەدا تابلۆی نوێ بە زمانی ئینگلیزی دەخاتە بازاڕەوەو، ئاماژەکانیش ئەوە دەردەخەن کە ئەو وەزارەتە گرێبەستێکی نوێی کردووە بۆ گۆڕینی سەرجەم تابلۆکان.

ئەوە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا لە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگاکان بە سەدان هەزار جوت لە تابلۆ کۆنەکە ماوە، بە نموونە لە پارێزگایەکی وەک سلێمانی نزیکەی ٢٠٠ هەزار جوت تابلۆی کۆن ماوە کە هەر یەکێکیان ٢٥ هەزار دینار لەسەر حکومەت کەوتووەو، لەم دوایەدا بە ٥٥ هەزار دیناریش دەبەسترا بۆ هاوڵاتیان، بەم پێیە تەنها لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی ٥ ملیار دینار زەرەر لە حکومەت کەوتووە، خۆ ئەگەر ئەم تابۆ کۆنانە لەسەری بوەستانەیە و ببەسترایە بۆ ئۆتۆمبیلی هاوڵاتیان١١ ملیار دینار دەگەڕایەوە بۆ حکومەتی هەرێم، دیارە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم ئەم ژمارەیە چەند هێندە دەبێتەوە.

ئەم تابلۆ نوێیانە کە بەزمانی ئینگلیزی لێی نوسراوە سەرپێچییە لە یاسایی ژمارە ٦ ی زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان – عێراق کە ساڵی ٢٠١٤ دا پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە. لە مادەی ١٢ دا کە لە دوو بڕگە پێکهاتووە، لە بڕگەی دووەمدا هاتووە " پێویستە تابلۆی ئۆتۆمبیلەکان بە زمانی کوردی بنووسرێن". وشەی " پێویستە " هیچ ئەگەرێکی نەهێشتۆتەوە بۆئەوەی تابلۆکان بە زمانێکی تر بنووسرێن، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دەستوری عێراقیشدا هاتووە، زمانی عەرەبی و کوردی زمانی فەرمی وڵاتی عێراقن.  

ئەوەی سەرنجیش دەدرێت لە دابەشکردنی ژمارەی پارێزگاکاندا کە لە ٢١ یەوە دەستپێدەکات و لە ٢٤ دا تەواو دەبێت، ژمارە ٢١ دراوە بە پارێزگای سلێمانی، ژمارە ٢٢ دراوە بە پارێزگای هەولێر، ژمارە ٢٣ دراوە بە پارێزگای هەڵەبجە، ژمارە ٢٤ دراوە بە پارێزگای دهۆک، لە کاتێکدا کە هەولێر پایتەختە و یەکەم پارێزگایە دەبوایە ژمارە ٢١ پێبدرایە، ژمارە ٢٢ بدرایە بە پارێزگای سلێمانی وەک دووەم پارێزگا، ژمارە ٢٣ ش بدرایە بە دهۆک وەک سێهەم پارێزگا، ژمارە ٢٤ بدرایە بە هەڵەبجە وەک پارێزگایەکی نوێ هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ بڵاوبووونەوەی ئەم تابلۆ نوێیەدا بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەرێم کە لەسەر پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە رایگەیاند " ئاگاداری تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل نیم"، بەلآم دواتر هەر هەمان ئەم بەڕێوەبەرە وتی" دوێنێ ماندووبووم ئاگاداری تەواوی پرۆسەی تابلۆ نوێکە نیم". 

   



PM:05:59:28/04/2022