بڕی (٤٤٠) ملیۆن دینار بۆ (١٨) پرۆژەی هەولێر تەرخان کرا

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت" نزیكەی (٤٤٠) ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی (١٨) پرۆژەی خزمەتگوزاری هەولێر تەرخان کرا". 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتری پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتییان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی دا بە خەرجكردنی گوژمەی نزیكەی (٤٤٠) ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی (١٨) پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شارۆچكەكانی دەوروبەری هەولێر. 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو گوژمەیە بە گوێرەی پلانی ساڵی (٢٠٢٢) و لەسەر ڕێژەی (١٥٪)ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی هەولێر، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارەوانییەكانی بەحركە، بنەسڵاوە، دارەتوو، قوشتەپە، بەستۆڕە، ڕزگاری، شاوێس، خەبات، شەمامك، كەورگۆسك، كەسنەزان، تەقتەق، مەلائۆمەر، پیرزین، ڕەواندز، پیرمام، شەقڵاوە، بەپێی یاسا و ڕێنماییەكان خەرج دەكرێت.

سەبارەت بە پرۆژەکان ڕوونی کردەوە کە، پرۆژەكان هەمەجۆرن و بوارەكانی كێربستۆن و دروستكردن و تەواوكردنی شەقام و كۆنكرێتكردنی كۆڵان و قیڕتاوكردن و نۆژەنكردنەوەی شەقام و چەند بابەتێكی دیكە دەگرێتەوە، بەهۆی ئەو پرۆژانەوە ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە سنووری ئەو شارۆچكانە بەرزتر دەبێتەوە.


PM:01:27:17/05/2022